کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی بازاڕەکانی ئێران لە کونتڕۆڵی ڕێژیم دەرچووە

12:29 - 20 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: گرانی لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و ڕێژیمیش دەسەڵاتی چارەسەرکردنی نەماوە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئابووریی ڕێژیمی ئێران تووشی داڕمان بووە و گرانی، بێکاری، نەداری، هەژاری و دەیان قەیرانی تر باڵی بەسەر وڵاتی ئێراندا کێشاوە، بەهای خواردەمەنییە سەرەتایییەکانیش ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە هەڵکشانە و جیا لەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا پەرە بە گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان دەدەن، لە ڕاستیدا ڕێژیم توانایی چارەسەرکردنی سەرجەم قەیرانە نێوخۆیییەکان و بەتایبەت گرانی و هەڵکشانی بەهای بازاڕەکانی نییە.

لەم بارەوە، ڕەزا باکری، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پیشەی شیرەمەنیی ئێران ڕایگەیاندووە: بەهای شیرەمەنییەکان ١٤ لەسەد هەڵکشاوە و ئەمەش بە ڕێکخراوی پاڵپشتی بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەران (سازمان حمایت مصرف کنندگان و تولیدکنندگان) ڕاگەیندراوە.

ناوبراو، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کێشەی سەرەکیی هەبوونی پێتروشیمی لە بازاڕی بوورسدایە، کە مادەی خامی خۆی بە ٤٢٠٠ تمەن دەکڕێت و بە بەهایەکی چوار بەرانبەر دەفرۆشێتەوە، وتوویەتی: "بەهای شیرەمەنییەکان بە ڕێژەیەک هەڵکشاون، کە نرخی پەنێرێکی ٤٠٠ گرەمی لە ٦٩٠٠ تمەنەوە گەیشتووەتە سەروی٧٢٠٠ تمەن و هەروەها نرخی ماستێکی پڕچەوری ٩٠٠ گرەمی لە ٤٧٥٠ تمەنەوە گەیشتووەتە ٨٥٠٠ تمەن".

هەڵکشانی بەهای بازاڕەکان و گرانییەکان لە ئێراندا، گەیشتووە ئاستێک کە دەیان قەیران باڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا بکێشێت و ئەمەش بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتی ئێراندا و بەتایبەت لە نێو چینی لاواندا.