کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی بە دروشم و فەرمان دان چارەسەر نابێت

13:03 - 30 جۆزەردان 2720

بەرپرسێکی ڕێژیم لەهەمبەر گرانی و هەڵاوسان لە بازاڕەکانی ئێراندا وتوویەتی ئەو کێشانە بە دروشم و فەرمان دان و بەیانییە دەرکردن چارەسەر نابێت.

"عەلیڕەزا مۆناقێبی" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری هاوردەکردنی ڕێژیم وتوویەتی بەداخەوە کاربەدەستان  لە بەرامبەر گرانیی کەلوپەل و پارە لە ئێران تەنیا پشتیان بەستووە بە بەیانییە دەرکردن، دروشم و قسەکردن و پێیان وایە بەم چەشنە کێشەکە چارەسەر دەبێت.

ناوبراو وتوویەتی؛ ئەگەر بە دەرکردنی فەرمانی ئابووری کێشەکان چارەسەر ببوایە هەتا ئێستا دەبوایە چارەسەر کرابان، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هەر سوورن بە شێوەی ڕابردوو نیزامی ئابووریی ئێران چارەسەر بکەن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم وتوویەتی؛ کێشەی بازاڕەکان کێشەی چاوەدێری نییە بەڵکوو کێشەی سەرەکی نەبوونی کاڵا و کەلوپەل و چوونەسەرەوەی لەڕادەبەدەری نرخی پارەیە کە بازاڕەکانی کەساس کردووە.

لە ئێراندا کەمیی ڕێژەی هاوردەکردن و کەمیی کەلوپەل، چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییەکانی لە بازاڕدا بەدواوە بووە کە تەنانەت ئەو کێشەیە بەرپرسانی ڕێژیمیش ناتوانن نکۆڵی لێبکەن.