کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی شەکر بازاڕی تاڵتر کرد

19:04 - 8 بانەمەڕ 2720

نرخی شەکر لە بازاڕ و دووکانەکانی ئێراندا بە ڕادەیەکی بەرچاو گران بوو.

''غوڵامحوسێن بەهمەنی'' سەرۆکی ئەنجومەنی کارفەرمایانی پاڵاوتنی شەکر ڕایگەیاندووە؛ نرخی هەر کیلۆ شەکری پاڵێوراو ٦ هەزار و ٥٠٠ تمەنە. ئەمە لە حاڵیکدایە کە پێشتر هەر کیلۆ شەکر بە ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەن بووە.

ساڵانە ئێران خۆی بە ڕایەدەکی زۆر شەکر بەرهەم دێنێت، بەڵام سەرەڕای بوونی شەکری نێوخۆیی لە وڵاتانی دیکەوە بە نرخێکی زیاترەوە شەکر هاوەردە دەکات.

گران بوونی کەلوپەلی خواردەمەنی لە ئێراندا زیاتر لە هەموو کاتێک ژیانی خەڵکی تاڵتر و دژوارتر کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، باسیان لەوە کردبوو کە دەبێ خەڵک چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی گرانی بن کە لە داهاتوودا بەڕێوەیە.

لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا کە بە بەشداریی کاربەدەستانی وەزارەتی بازرگانی، سەرۆکی یەکیەتیی پیشەییەکان و نوێنەری بازاڕییانی تاران لە هۆڵی ئەسنافی تاران بەڕێوە چووبوو، باس لە شەپۆلێکی دیکەی گرانی لە داهاتوودا کرابوو.