کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی میوە و نەفرۆشرانی بەرهەمی وەرزێڕانی کوردستان

17:57 - 26 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: گرانیی میوە لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێراندا لە ئاستێکدایە کە خەڵک هەندێک میوە ناتوانن بکڕن یا بە دانە میوە بکڕن.

لە ئێستادا ٢٥٠ هەزار تۆن سێو و پڕتەقاڵ لە ساردخانەکانی ورمێدا ئەنبار کراوە؛ بەڵام کیلۆی سێو لە بازاڕدا ١٢ هەتا ١٣ هەزار تمەنە؛ کاربەدەستانی ڕێژیمیش وادەیان داوە لە ماوەی ١٥ ڕۆژی دیکە نرخی میوه کەم بکەنەوە.

بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، لە ئەنبارەکاندا ١٠٠ هەزار تۆن پرتەقاڵ و ١٥٠ هەزار تۆن سێو کە سەرجەم دەبێتە ٢٥٠ هەزار تۆن میوە پاشکەوت کراوە بەڵام هەتا ئێستاش ڕوون نییە کە دەفرۆشرێت یا هەناردە دەکرێت.

نرخی هەر کیلۆ هەڵووچە ٩٠ هەزار تمەن، پیوازی دەرجە یەک ١٢ هەزار تمەن و سێویش ١٢ هەتا ١٣ هەزار تمەنە.

پارێزگای ورمێ بە وەبەرهێنانی یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن سێو، ٣٠% تا ٤٥% ئەو بەشەی لە وڵاتی ئێرانی دەستەبەر کردووە و بە جەمسەری سێو دەناسرێت کە ئەمساڵ تەنیا ٢٠ هەزار تۆن لەو ڕێژەیە بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە کراوە.

زیاتر لە ٣٠%ی وەبەرهێنانی سێو، ئەمساڵ لە پارێزگای ورمێ تووشی خەسار بووە و کاری زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە فرۆشتن و وەبەرهێنان سێو بەستراوەتەوە ڕاوەستاوە؛ بەستەبەندی نالەبار، نەدیتنەوەی بازاڕی نێونەتەوەیی، بێ‌بایەخی بە چەشنی چاندن و ئاسانکاری نەکردن لە گواستنەوەی سێو لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و نەبوونی نەخشەڕێگا لە هەمبەر وەبەرهێنانی سێوی پارێزگای ورمێ، باخدارانی تووشی زەرەر کردووە.