کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی نان و سفرەی خاڵیی خەڵک، ناڕەزایەتیی نانەواخانەکانی لێکەوتەوە

12:15 - 21 بانەمەڕ 2720

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە نرخی تازەی نان ڕاگەیەندراوە، خاوەنی نانەواخانەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

خاوەنی نانەواخانەکان لە دۆخەکە ناڕازین و دەڵێن: ئێمە دەزانین کە خەڵک توانایی کڕینی نانیان نییە، بەرپرسانی ڕێژیم بێ هیچ بیرکردنەوەیەک و ڕەچاونەکردنی بارودۆخی نانەواکان نرخی نانیان گران کردووە.

هەروەها باسیان لەوەش کردووە کە بەهۆی گرانبوونی نرخی نان نیوەی جاران ئارد بەکار دێنن. ئەگەر جاران لە ڕۆژدا ٨ کیسە ئاردیان بە کار دەهێنا ئێستا کەمتر لە ٤ کیسە بەکار دەهێنن.

ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەزبەر، ڕێکخراوی نانەوایانی سوننەتیی تاران، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، نرخی نوێی نانیان ڕاگەیاند. لەم ڕاگەیەندراوەدا ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە نرخی نان لەچاو ڕابردوو، گرانتر بووە.

نرخی جۆری نانەکان بەم شێوەیە: "نانی لەواش ٣٠٠ تمەن، نانی تافتوون ٣٠٠ تمەن، نانی بەڕبەڕیی سادە  ١٠٠٠ تمەن، نانی تافتوونی سوننەتی ٥٥٠ تمەن و نانی تافتوونی خوراسانی ٥٥٠ تمەن".

نرخی نان لە ئێران لە کاتێکدا گرانتر دەبێتەوە کە گرانی و کێشە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گرتووەتەوە و زیاتر لە ٧١ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان.