کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی هەوسارپچڕاو گوشاری بۆ خەڵک هێناوە

12:52 - 11 گەلاوێژ 2720

لە پارێزگای سنە خەڵک بەرانبەر بە گرانیی هەوسارپچڕاو و چەندنرخی بوونی کەلوپەلەکان لە بازاڕدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ڕەخنەیان لە ڕێژیم گرتووە.

داڕماویی ئابووری و چوونەسەرەوەی نرخی هەڵاوسان و گرانیی کەلوپەلەکان لە بازاڕدا وای کردووە کە دۆخی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات قەیراناوی بێت و ببێتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک بەرانبەر بە بێ بەرنامەیی ڕێژیم.

چەندنرخی بوونی پێداویستییەکان لە بازاڕدا و هەروەها گرانی و هەڵاوسانی ئابووری وای کردووە کە خەڵک بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرەو هەژارتر بوون بچن و توانای کڕینیان نەمێنێت.

دۆخی داڕماوی ئابووری و گرانی وای لێهاتووە کە خەڵک تەنانەت توانای کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک و جلوبەرگیان نەماوە.

هۆکاری سەرەکیی ئەو گرانییە هەوسارپچڕاوە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە ئابوورییەکانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ و زۆرکردنەوەی نەختینەیی کە خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی بەدیهاتنی هەڵاوسانی ئابوورییە.

خەڵکی ئێران بەتایبەت خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات قوربانیی سیاسەتە چەوتە و زێدەخوازییەکانی ڕێژیمن و ئاکامی ئەو سیاسەتانەی ڕێژیمیش تەنیا یەخەی خەڵک دەگرێتەوە.