کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنی ئەکبەر عەباسپوور مەراغەیی سیناریۆیە!

12:39 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی ڕێژیمی تاران، باس لە دەسبەسەرکردنی بکوژی زەبیحییەکان لە لایەن پۆلیسی ئاگاهییەوە کردووە بەڵام هەندێک لە چالاکان و کەسانی نیزیک لە بنەماڵەی زەبیحی پێیان وایە ئەمە سێناریۆیەکی ڕێژیمە بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەهەمبەر دۆسیەکە.

تەنیا یەک ڕۆژ پاش مردنی گوماناوی ڕەحیم و کەیوان زەبیحی هەواڵدەریی ئیرنا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، بکوژی ئەم کەسانە، دانی بە کوشتنی ئەو دوو برایە داناوە و هۆکاری ئەنجامدانی ئەم جەنایەتەی بۆ کێشەی ماڵی گەڕاندووەتەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، فەرماندەی هێزی بەناو ئینتیزامیی بانه، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییە خۆجێییەکاندا، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە وتوویەتی: "پاش لێکۆڵینەوەکان و ڕاپۆرتی پزیشکی یاسایی و پشکنینی تەرمی ئەم دوو برایە، کەسی گوماناوی لە ڕێگەی هێزە ئینتیزامییەکانەوە ناسراوە و دواتر دەسبەسەر کراوە".

لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەدا هەندێک لە کەسانی نیزیک لە بنەماڵەی زەبیحی و چالاکانی فەرهەنگی ئەم شارە، ئەمە بە هەوڵێک و سێناریۆیەکی لەپێشدا داڕێژراوی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕیژیم دەزانن بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی.

دەشڵێن: "ئەکبەر عەباسپوور مەراغەیی" تەنیا قوربانییەکە لە نێو ئەم یارییەدا تاکوو بکوژانی ئەسڵی و بڕیاردەرانی قەتڵەکە قوتاریان ببێت!

ڕۆژی هەینی، ١٦ی سەرماوەز، تەرمی سووتاوی ڕەحیم زەبیحی فیلمسازی بانەیی و براکەی "کەیوان زەبیحی" لە ماشینەکەی خۆیاندا دۆزرایەوە.

ڕەحیم زەبیحی، ساڵی ١٣٥٠ لە شاری بانە لە دایک بووە و یەکێک لە بەرهەمهێنەرە بەناوبانگەکانی کورد بوو؛ ناوبراو ١٦ ساڵ لە بواری هونەرە شانۆکارییەکاندا وەکوو دەرهێنەری و شانۆنامەنووسی چالاکی کردووە و لە ساڵی ١٣٨١دا یەکەمین فیلمی کورتی خۆی بە ناوی "هاوار" بەرهەم هێناوە.

ناوبراو پاش فیلمی هاوار، فیلمگەلێکی کورتی دیکەی وەک: "سەتەلایت"، "کۆتایی شەڕ"، "ئێسترێس" و "ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران"ی بەرهەم هێناوە، که هەموویان لە فستیڤاڵە جیاوازە نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکاندا پیشان دراون.