کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروسی: وتووێژەکان لەگەڵ ئێران نەگەیشتووەتە هیچ ئاکامێک

10:55 - 4 سەرماوەز 2721

''ڕافائێل گروسی'' بەڕێوەبەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، دوای کۆتاییهاتنی سەفەرەکەی بۆ ئێران ڕایگەیاند کە نەیتوانیوە لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ئاکامێک بگات.

''گروسی'' ڕۆژی سێشەممە ٢ی سەرماوەز لە تاران لەگەڵ ''محەممەد ئیسلامی'' بەرپرسی ڕێکخراوی وزەی ناوکی  و ''ئەمیر عەبدوڵڵاهیان'' وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران دانیشتنی هەبووە، بەڵام ناوبراو وتوویەتی، دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم هیچ ئاکامێکی نەبووە.

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی باسی لەوە کردووە کە ناتوانێت گەرەنتیی ئەوە بدات کە ئەو ناوەندە لە چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران زانیاریی تەواوی هەیە.

''گروسی'' قسەکانی ڕۆژی سێشەممەی ''محەممەد ئیسلامی'' کە وتبووی لەگەڵ ئاژانس بە ڕێککەوتن گەیشتوون، ڕەت کردەوە.

"ڕافائیل گروسی" کە هاوکات لەگەڵ دانیشتنی شورای حوکام سەردانی تارانی کردبوو، وتبووی، چاوەڕوانیی ئەوەی هەیە داوا لە ڕێژیمی ئێران بکرێت کە هاوکاریی تەواوی لەگەڵ ئاژانس هەبێت.

دانیشتنی شورای حوکام هەتا ڕۆژی هەینیی ئەو حوتوویە بەردەوامە و بڕیارە وتوویژەکانی ناوکی لەنێوان ڕێژیمی ئێران و گرووپی ١+٤ بە بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئامریکا حەتووی داهاتوو لە ڤییەن دەست پێ بکاتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە ئامریکا ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری شکستی وتووێژەکانی ڕێککەوتنی ناوکی، هەوڵی دیکە دەگرێتە بەر کە یەک لەوان بژاردەی نیزامییە.