
گرووپی "حیزبوڵڵا"ی لوبنان کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت لە دەشتی "بەقا"ی ئەو وڵاتە خەریکی چاندنی "خەشخاشـ"ـە و بەشێکی بەرچاو لە داهاتەکەیان لەو ڕێگایەوە دابین دەکەن.
دەشتی "بەقا" لە ڕۆژهەڵاتی لوبنان هەڵکەوتووە و بەشێکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی "خەشخاش" لەبەردەستی گرووپی "حیزبوڵڵا"دایە و بەراورد کراوە هەتا ئێستا زیاتر لە دوو میلیارد دۆلاری لە ڕێگای بازرگانیی ماددەسڕکەرەکان لە سەرتاسەری جیهان بەدەست هێناوە.
گرووپی "حیزبوڵڵا" یەکێک لە هێزەکانی دەسەڵات لە لوبنانە و دەیان هەزار شەڕکەر و سەدان مووشەکی لەبەر دەستدایە.
ڕێژیمی ئێران ٧٠ لەسەدی داهاتی ئەو گرووپە دابین دەکات و بەشێکی دیکەش لە ڕێگای "قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە" دابین دەکرێت.
گرووپی "حیزبوڵڵا" لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا وەک گرووپێکی تێرۆریستی ناسێنراوە و بەهۆی ئەوەیکە تۆڕەکان و پێکهاتە نافەرمییەکانی ئەو گرووپە بە ئاسانی ناناسرێن و کۆنترۆڵ ناکرێن، ڕێکخراوە ئەمنییەکانی ڕۆژاوا ئەو گرووپە بە گرووپێکی مافیایی دەزانن.