کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی تێرۆریستیی داعش ١١ کەسی لە سووریە کوشت

13:16 - 30 بانەمەڕ 2720

گرووپی تێرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام ناسراو بە داعش، پاش دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان لە عێراق و سووریە، لە هێرشەکانیان لەو دوو وڵاتەدا بەردەوامن.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێریی مافی مرۆڤ لە سووریە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، داعش ١١ کەس کە زۆربەیان چەکداری نزیک لە ڕێژیمی سووریە بوونە، لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەدا کوشتووە.

هەر بەو پێیە، ٧ چەکداری یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریە لە دەشتی "دەیرولزوور" کوژراون و تەرمەکانیان ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، لە نێوان "دەیرولزوور ـ دەمشق" لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای "دەیرولزوور" دۆزراوەتەوە.

پێشتریش داعش ڕێگای نێوان "دەیرولزوور ـ دەمشقـ"ـیان لە ناوچەی "کەباجب" بەستبوو و ئەفسەرێکی ئەرتشی سووریە و دوو کەسی نیزامی و ژنێکیان کە لە ماشینێکدا بوون، کوشتبوو.

ئەو گرووپە تێرۆریستییە هەروەها ڕۆژی پینجشەممە ١٨ی بانەمەڕ، ١١ کەس لە هێزەکانی لایەنگری ڕێژیمی سووریە و کەسانی چەکداری لایەنگری دەمشقیان کوشتبوو.

داعش لە هێرشەکانی خۆیدا جگە لە هێزەکانی سووریە و ملیشیاکانی سەر بە دەمشق، هێزە کوردییەکانیش دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.