کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت: ئێران هیچکات نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات

12:27 - 8 پووشپەڕ 2722

گرووپی حەوت وڵاتی پێشکەوتوو ڕۆژی سێشەممە ٧ی پووشپەڕ لە کۆتایی دانیشتنی سێ ڕۆژەی خۆیان لە بەیاننامەیەکدا لە پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند کە ئێران هیچکات نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات.

لە بەشێک لە بەیاننامەی گرووپی حەوت هاتووە: ''ئێمە داوا لە ئێران دەکەین هەموو چالاکی و پەرەپێدانی مووشکە بالستیکەکانی کە لەگەڵ بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتەبایە، ڕابگرێت".

لەو بەیاننامەیەدا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەویکە ڕێژیمی ئێران نابێ دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگات، نووسراوە: ''ئێمە بەداخین کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماتیکەکان بۆ ژیاندنەوە و بەڕێوەچوونی بەرنامەی ناوکی ناسراو بە بەرجام، ئێران ئێستاش لە دەرفەتەکان بۆ گەیشتن بە دەرنجامێک کەڵکی وەرنەگرتووە''.

ئەندامانی گرووپی حەوت وتوویانە، هەروا لەسەر ئەو باوەڕەن کە ''ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک'' باشترین ڕێگا بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە.

سەرۆکی وڵاتانی گرووپی حەوت هەروەها لە بەیاننامەی خۆیاندا سەبارەت بە بەردەوامیی پێشلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران وتوویانە: ''ئێمە جارێکی دیکە نیگەرانیی قووڵی هاوبەشی خۆمان سەبارەت بە بەردەوامیی پێشلێکارییە مافە مرۆییەکان لە ئێران وەکوو دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بەرزبوونەوەی ئێعدام لە ئێران دەردەبڕین و مەحکوومی دەکەین''.

لە کاردنەوە بەو بیاننامەیەی گرووپی حەوت، ''ناسر کەنعانی'' وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئەو بەیاننامەیەی بە ''بێ بنەما، یەک لایەنە و ناعادڵانە'' ناو بردووە و وتوویەتی: ''ئەو بەیاننامەیە بەئەنقەست پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێکەوتنی ناوکی و بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شورای ئەمنییەتە".

ناوبراو سەبارەت بە بەرنامەی مووشەکی وتوویەتی کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران هیچکات ناتوانرێت دانوستان و سازشی لەسەر بکرێت.