
ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندان، گرووپی هەکێریی ''عەداڵەتی عەلی''، بەڵگەنامەیەکی بڵاو کردەوە کە دادستانی پێشووی تاران لە نامەیەکدا ڕوو لە ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەسەر پێویستیی فیلیترکردنی خێرای ئینستاگرام و هێندێک لە توڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هۆشداریی داوە.
ئەو نامەیە هیچ ڕێکەوتێکی لەسەر نییە؛ ''عەلی ئەلقاسی مێهر'' دادستانی پێشووی تاران لەسەر فیلتێرکردنی هەنگاو بە هەنگاوی ئینستاگرام و واتساپ لە ڕێگای دابەزاندنی "پانایی باندەکان" لە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی جەختی کردووەتەوە.
بەپێی ئەو نامەیە، دادستانی پێشووی تاران لەسەر فیلتێرکردنی ماڵپەڕەکان و نەرمئامێرەکانی پەیوەندیدار بە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و هەروەها داخستنی "گووگڵ پلەی" جەختی کردووەتەوە.
لەو نامەیەدا ئیتلاعاتی سپای پاسداران وەکوو چاوەدێر بەسەر "پانایی باندەکان" ناسێندراوە و داوا لە وەزارەتخانەکانی "ئیتلاعات و ئیرتباتات" کراوە کە لەو بوارەدا هاوکاریی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بکەن.
لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە: ''هیچ کەس مافی ئەوەی نییە ناوەڕۆکی ئەو فەرمانە نهێنییە ئاشکرا بکات''؛ هەروەها باس لەوە کراوە کە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە چالاکیی دژە ئەمنییەتی و ئابوورییان هەیە و بە دوای دزەی فەرهەنگییەوەن.