![](/content/upload/1/news/48264_w920.jpg)
گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن لە عەمەلیاتێکی هێرشبەرانەدا، بنکە نیزامییەکانی فڕۆکەخانەی نەجران و بنکەی هەوایی مەشیتیان کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی.
"میدڵ ئیست نیووز" ڕایگەیاندووە کە گرووپی "ئەنساروڵڵای یەمەن"، ڕۆژی دووشەممە لە هێرشێکی بەربڵاو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک چەند بنکەی هەوایی و نیزامیی عەرەبستانیان کردووەتە ئامانج.
سەرتیپ "یەحیا سەریع" وتەبێژی نیزامیی ئەنساروڵڵای یەمەن وتوویەتی: "هێزی مووشەکی و دڕۆنیی ئەنساروڵڵا بە عەمەلیاتێکی هێرشبەرانەی هاوبەش بە ٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری قاسف 2k و دوو مووشەکی بالستیکیی بەدر ئەو هێرشەی ئەنجام داوە".
ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە لەو هێرشەدا بنکە نیزامییەکانی "فڕۆکەخانەی نەجران و بنکەی هەوایی مەلک خالد" لە خەمیس مەشیت، کراوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانیی عەرەبی بە ڕێبەریی عەرەبستان ئیدعای کردووە کە ٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی ئەنساروڵڵا و دوو مووشەکی بالستیکیی لەنێو بردووە.
ئەنساروڵڵا لەم دواییانەدا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر بنکە نیزامییەکان لە عەرەبستان لەوانە بنکەی هەوایی "مەلک خالد" و "فڕۆکەخانەی ئەبها" زیاتر کردووەتەوە و ڕاوەستانی هێرشەکانی خۆی بەستووەتەوە بە ڕاگرتنی دەستدرێژیی عەرەبستان لە یەمەن و کۆتاییهێنان بە گەمارۆی ئەو وڵاتە.