کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی مافیایی لە ئێراندا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە

19:21 - 1 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە لە ئێراندا گرووپێکی مافیایی دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە و حوکمڕانی دەکەن.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە  زاری مایک پۆمیئۆ، بڵاوی کردووەتەوە، ئێران شتێک بەڕێوەی دەبات کە لە مافیا دەچێت، نەک حکوومەت". هەروەها پۆمپێئۆ ئاماژەی بەوه کردوە کە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەڵام بەرپرسەکانی گەندەڵن.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئێرانیی دانیشتووی ئامریکا لە ژێر ناوی "پشتیوانی لە دەنگی خەڵکی ئێران" پێک هێنا. ناوبراو لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە  ڕێبەران و مەلاکانی حاکمی ئێران گەندەڵن و خەریکی کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بۆ خۆیانن. ئەوەش لە کاتێکدایە خەڵکەکەیان ژیانێکی ناخۆشیان هەیە.

بەرپرسانی ئامریکایی باس لەوە دەکەن، کە دەوڵەتی دانڵد ترامپ بە مەبەستی هاندانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە ئێراندا و گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی تاران، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بەرنامەی ناوکی و پاڵپشتیکردنەکانی ڕێژیم لە تێرۆریستان و گرووپە توندئاژۆوەکان، کەمپەینێکی دامەزراندووە، کە لەو کەمپەینەدا بە شێوەی ئانلاین، دژ بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لێدوان بڵاو دەکرێتەوە.