کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئاسەوارە مێژووییەکانی سووریە بە تاڵان دەبەن

12:27 - 22 بەفرانبار 2721

دوای دروستبوونی شەڕ و ئاژاوە لە سووریە و بەکارهێنانی وڵاتی تورکیە وەکوو بازاڕی فرۆشی ئەو ئاسەوارە مێژووییانەی کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بەو وڵاتەوە بە تاڵان دەچوون، ئەوجار میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران دەستیان کردووە بە تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی سووریە.

بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کە لە پارێزگای "دێرەزوور" لە ڕۆژهەڵاتی سووریە نیشتەجێن، زۆرێک لە ئاسەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ئارامی، ڕۆمی و ئیسلامیان لەو ناوچەیە بە مەبەستی بەدەستهێنانی دەسکەوت و داهاتی ماڵی، بە تاڵان بردووە.

ئەو ناوەندە ڕایگەیاندووە کە ئەو شوێنە مێژووییانەی کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئاسەوارەکانیان بە تاڵان بردراون بریتین لە: "تل ئەلمەرابیت کە شارستانییەتەکەی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرییە گەورەکان دەگەڕێتەوە، تل ئەلعشارە بۆ سەردەمی بابۆلییەکان، کاولاشەکانی ئەلسالحیە لە ئەبووکەمال، تل قەلعە ئەلروحبە لە نزیکی ئەلمەیادین بۆ سەردەمی بابۆلی و هەروەها بازاڕی ئەلمەقبی لە شاری دێرەزوور و زۆرێک ئاسەواری دیکە لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور".