کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق بەنیسبەت ئاکامی هەڵبژاردنەکان هەڕەشە دەکەن

11:53 - 21 رەزبەر 2721

"هادی عامری" ڕێبەری هاوپەیمانیەتیی "فەتح" کە گرووپێکی گرێدراو بە ڕێژیمی ئێرانە، لە ئاکامی بەدەست نەهێنانی کورسییەکی زۆر لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراق، وتوویەتی: "ئاکامی هەڵبژاردنە فەرمییەکان بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکەم".

"عامری" لە بەیانییەیەکی کورتدا وتوویەتی: "لە ‌هەڵبژاردنەکاندا ساختەکاری کراوە و هۆشداریی داوە کە ئەو هاوپەیمانییە بە تەواوی هێزیەوە داکۆکی لە دەنگی بەربژێرەکانی فەتح و دەنگدەران دەکات".

هاوپەیمانیەتیی "فەتح" کە لقێکی سیاسیی حەشدی شەعبییە، تەنیا ١٥ کورسیی بەدەست هێناوە کە شکستێکی دژوار بۆ ئەو هاوپەیمانییە دێت ئەژمار، ئەو گرووپە لە هەڵبژارنەکانی پێشوودا پتر لە ٥٠ کورسیی بەدەست هێنابوو.

هەروەها "ڕەوتی سەدر" بە ڕێبەریی "موقتەدا سەدر" پتر لە ٧٠ کورسیی بەدەست هێناوە، پاشان هاوپەیمانیەتیی "تەقەدوم" پێکهاتوو لە چەند حیزبی سونییەکان، هاوپەیمانییەتیی شێعەی "دەوڵەتی یاسا" بە ڕێبەریی "نووری مالکی" و پارتی دێموکراتی کوردستان پتر لە ٣٠ کورسیی بەدەست هێناوە.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپی "کەتائێبی حیزبوڵـڵا" ئاکامی هەڵبژاردنەکانی بە "ساختە و فریوکاری" ناو بردووە.

"ئەبوو عەسکەری" کە بە بەرپرسی ئەمنییەتیی "کەتائێب" ناسراوە، داوای لە گرووپەکانی "موقاومەت" کردووە خۆیان بۆ "قۆناغی هەستیار" ئامادە بکەن.

"عەسکەری" وتوویەتی: "بەهۆی پەیمانێک کە لەگەڵ نەتەوەکەمان بەستوومانە، ڕاشکاوانە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی بارودۆخی دروست دەدەم".

ناوبراو باسی لەوە کرد کە لە هەڵبژاردنەکاندا ئامانجی سەرەکی لێدانی حەشدی شەعبی بووە و داوای لە گرووپەکانی هاوپەیمان کردووە بۆ بەرگری لە حەشد خۆیان ئامادە بکەن.

هەروەها "محەممەد ئەلموتەمیمی" یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی ئیدعای کردووە کە لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا ساختەکاری کراوە و هەوڵ دەدات لایەنگرەکانیان ڕابکێشنە سەر شەقامەکان.

لە وڵامی هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی، "موقتەدا سەدر" دژکردەوەی پیشان داوە و و وتوویەتی: "گرنگ نییە کێ براوەی ئەو هەڵبژاردنەیە بەڵکوو گرنگ ئەوەیە خەڵکی عێراق لە بواری خزمەتگوزاری و ئەمنییەت و بابەتی دیکەی لەو شێوەیە بەهرەمەند بن".

"سەدر" ڕۆژی دووشەمە لە کاتی وتاردان بۆ خەڵک وتوویەتی کە تەنیا بۆ دەوڵەت ڕەوایە چەکی لەدەستدا بێت و داوای کردووە کەڵکوەرگرتن لە چەکوچۆڵ لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق قەدەغە بکرێت، هەروەها ئەو قەدەغەکردنە دەبێ ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە خۆیان بە "مێحوەری موقاومەت" ناو دەبەن.