کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروپی شاخەوانی چلچەمە بڕینی دارەکانی زاگرۆسیان مەحکوم کرد

16:49 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: گروپی شاخەوانی چلچەمە، لە چالاکییەکی سەمبۆلیکی شاخەوانیدا بڕینی دارەکانی زاگرۆس و ڕاوکردنییان مەحکوم کرد.

ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٣٠ سەرماوەز، گروپی شاخەوانی چلچەمە لە شاری سنە، بە هەڵگرتنی پلاککاردی "نا بۆ بڕینی دارەکانی زاگرۆس" و "نا بۆ ڕاو"  بە سەر شاخی "حەسەناوا"ی نزیک لە شاری سنەدا سەرکەوتن؛ بەم کارەشیان ناڕەزایەتی خۆیان بەرانبەر بە بڕینی دار لە دارستانەکانی زاگرۆس و دیاردەی ڕاوکردن دەربڕی.

ماوەیەکە کەسانێکی بەرژەوەندیخواز کە بەوتەی خەڵکی ناوچە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان، دارەکانی کوردستان دەبڕن و قاچاخیان دەکەن بۆ کارخانەکانی سازکردنی کاغەز و خەڵووز لە باکووری ئێران.

لەمبارەوە پێشتر سەعدی نەقشبەندی، بەرپرسی سەرچاوە سروشتیییەکانی پارێزگای سنە وتبووی: یەکەی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان بۆ پێشگرتن لە لەناوبردنی لێڕەوارەکان گەشت ئەنجام دەدا؛ ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە که لەم ساڵدا، پێشیان به ٢٤ کامیۆنی گواستنەوەی داری قاچاخ گرتووە کە زۆرترین جۆری دارەکان، داری بی و گۆیژ و گوێز بوونە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو کامیۆنانە بەدانی بەرتیل و بە پێی بەرنامەی پێشوەختە بە ئاسانی لە جادەکانی کوردستان تێدەپەڕن و کاری قاچاخی دارەکان به ئاکام دەگەیەنن.

پارێزگای سنە، بە تەنیا ٢/٦٣ لەسەدی جەنگەڵەکانی ئێرانی لەخۆ گرتووە. بە پێی بەراوردەکان بۆ بەرهەمهێنانی یەک تۆن کاغەز دەبێ ١٧ داری گەورە ببڕدرێنەوە؛ بە پێی ئەوەیکە هەر تاکێکی ئێرانی لە ساڵێکدا ١٣ کیلۆ کاغەز بەکار دەهێنێت و چونکە بۆ هەر تۆن کاغەز ١٧ دار ئەبێ ببڕدرێتەوە، کەوایە لە ساڵێکدا زۆرتر لە ١٥ هەزار دار لە ئێراندا دەبڕدرێتەوە کە وەک دیاردەکەوێ دارستانەکانی کوردستان پشکی هەرەزۆریان لەم بارەوە بەرکەوتووە. 

ئەوەیکە جێگای سەرنجە ئەمەیە کە بڕینی دارەکان لە باکووری ئێراندا قەدەغەیە، بۆیە زۆرترین گواستنەوەی دار لە کوردستانەوە بۆ باکوور ڕوو دەدات.

هەر لەم پێوەندییەدا ماوەیەک پێش ڕێژیمی تاران لە هەوڵێکی شەرمێونانەدا و بۆ بڕینی هەناسەی زاگرۆس، بەشێک لە مافیاکانی "دار"ی ڕەوانەی دارستانەکانی زاگرۆس کردبوو کە سەر بە سپای پاسداران بوون.