کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژی و ئاڵۆزیی ئیمارات و رێژیمی ئێران لەسەر سێ دوورگەی کەندوای فارس

17:10 - 31 خاکەلێوه 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران هەڕەشەی کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی دوورگەی ئەبوومووسا دەکات.

بەگوێرەی راپۆرتی فارس، فرماندەی هێزە زەمینییەکانی ئەرتشی رێژیمی ئێران، رایگەیاندووە، ئەگەر لە رێگای دیپلۆماسییەوە پرسی سێ دووورگەی کێشە لەسەری کەنداوی فارس چارەسەر نەکرێت، رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هێزی نیزامی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات.

رەزا پووردەستان، فرماندەی هێزە زەمینییەکانی ئەرتشی رێژیم، سەبارەت بەو سێ دوورگەیە گوتوویەتی: لە مێژە کە ئێرن دەسەڵاتی بەسەر ئەو سێ دوورگەدا هەیە و لە مافی خۆشی لێبڕاوانە بەرگری دەکات.

سێ دوورگەی ئەبوومووسا، تونبی گەورە و چووکە، لە ساڵی ١٣٥٠ هەتاوی، پاش چوونە دەرەوەی هێزەکانی بریتانیا، هێزە دەریاییەکانی ئێران چوونە ناویان و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ٨٠ ساڵەی بریتانیا لەو سێ دوورگە هێنا.

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد لە رێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی لە سەفەرێکدا بۆ پارێزگای هورموزگان، سەردانی دوورگەی ئەبوو مووسای کرد و لە ئاکامدا ناڕەزایەتیی دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبیی لێکەوتەوە.

سەردانی ئەحمەدی نژاد بووە هۆی ئاڵۆز بوونی پێوەندیی ئیمارات و رێژیمی ئیسلامیی ئێران.

ئیمارات، بە ناردنی نامەیەک بۆ بان کی‌مۆن، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ سەفەری ئەحمەدی نژاد بۆ دوورگەی ئەبوومووسا، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە و ئەو سەردانە بە پێشێل کردنی ئاشکرای بنەما نێودەولەتییەکان لە قەڵەم داوە.

نەبیل ئەلعەرەبی، بەرپرسی گشتیی کۆمکاری عەرەبی، سێ دوورگەی ناسراو بە تونبی گەورە و چووکە و ئەبوومووسا، بە خاکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دزانێت و سەردانی ئەم دواییەی سەرکۆماری رێژیمی ئێران بۆ ئەبوومووسا بە هەوڵێک دەزانێ لەمەڕ دروست کردنی پشێوی و ئاڵۆزی لەسەر خاوەنداریەتی ئەو سێ دوورگەیە.

رێژیمی ئێران و لێپرسراوانی سیاسیی ئەو وڵاتە، سەفەری ئەحمەدی نژاد بۆ ئەبوومووسا بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی وەسف دەکات و وروژاندنی ئەو بابەتە لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران لە قەڵەم دەدات.

ئیمارات گوتوویەتی، رێژیمی ئێران لە ساڵی ١٩٩١ی زایینییەوە کونترۆڵی تەواوی ئەو سێ دوورگەیەی بە دەستەوە گرتووە و هەوڵی دروست کردنی پێگەی نیزامیی تێدا داوە.