کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرینگینەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە کێشەکانی خەڵک

18:41 - 14 پووشپەڕ 2721

خەڵکی شاری جۆانڕۆ کە لەگەڵ کێشەیەکی زۆر بەرەوڕوون، باس لە گەندەڵیی بەرپرسانی ئەو شارە دەکەن کە چۆن پێش ئەوەیکە بە بەرپرسیارییەتی بگەن خەڵکیان فریو داوە.

هاووڵاتیانی شاری جۆانڕۆ باسیان لەوە کردووە کە ''لهۆنی'' ئەو کاتەی کە فەرمانداری جوانڕۆ بوو و پێش ئەوەیکە وەکوو بەناو نوێنەری ئەو شارە بڕواتە مەجلیس، بەهۆی دۆخی بوومەلەرزە و لافاو و کێشەکانی خەڵک بە پێوەندییەکی تەلەفوونی پێشی لە پچڕانی بەرق دەگرت.

بەڵام دوای ئەوەیکە نابراو وەکوو بەناو نوێنەری خەڵک بۆ مەجلیس دیاری کرا، ئاوڕێکی لە کێشەکانی خەڵک یەک لەوان پچڕانی بەرق کە خەڵکی تووشی کێشەیەکی زۆر کردووە، نەداوتەوە.

پچڕانی بەرق لە ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی خەڵکی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە و لە حاڵێکدا کە هیچ کەس گرینگی بەو دۆخە نادات و خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ بوونی هەڵاواردنێکی دیار و بەرنامەبۆداڕێژراو بەنیسبەت شێوەی دابەشکردنی بەرق لە شارەکاندا کە هێندەی دیکە باری دەروونیی خەڵکی تێک داوە و ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.