کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرینگیی زمانی دایکی

18:04 - 3 رەشەمه 2719

سۆران شەمسی

مێژووی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دەگەڕێتەوە بۆ ۲۱ی فێڤرییەی ۱۹٥۲. لەو ڕۆژەدا خوێندکارانی زانکۆکانی داکا پایتەختی بەنگلادش کە لەو کاتەدا ناوی پاکستانی ڕۆژهەڵاتی لەسەر بوو، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژ بە قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی دایکیی خۆیان خۆپیشاندانیان کرد. ئەو خۆپیشاندانە لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی پۆلیس بەرەوڕوو بوو کە بەو هۆیەوە ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران گیانی خۆیان لەدەست دا.

خۆپیشاندەران خوازیاری بەفەرمی ناسینی زمانی بەنگالی وەکوو زمانی دووەمی پاکستان (لە تەنیشت زمانی ئوردوو) بوون.

بەڵام بەنگلادشییەکان دەستیان لە خەبات هەڵنەگرت تاکوو بزووتنەوە و ناڕەزایەتییەکانیان لە پاش حەوت ساڵ بوو بەهۆی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لە پاکستان. هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا لە بەنگلادش ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بەڕێوە دەچێت. ماوەیەک دواتر لەسەر داوای بەنگلادش بۆ جاری یەکەم، ڕێکخراوی یونسکۆ لە ۱۷ی نۆڤامبری ساڵی ۱۹۹۹، ڕۆژی ۲۱ی فێڤرییە (بەرانبەر بە ۲ و ٣ی ڕەشەمە)ی وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری کرد.

لە ساڵی ۲۰۰۰ـەوە ئەو ڕۆژە لە زۆربەی وڵاتاندا ڕێزی لێ دەگیرێت و کۆمەڵێک بەرنامە لەو پێوەندییەدا بەڕێوە دەچن. بەهۆی گرینگیی زۆری ئەو بابەتە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ۲۰۰۸ی وەکوو ساڵی جیهانیی زمانەکان دەستنیشان کرد.

ڕێکخراوی یونسکۆ لە ساڵی ۱۹۹۹ـەوە ڕۆژی ۲۱ی فێڤرییەی وەکوو "ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی" ناودێر کرد، تاکوو حکوومەتەکان و هاوڵاتییانی جیهان بۆ گرینگیدانی زیاتر بە فێرکردنی زمانی دایکی لە قوتابخانەکاندا هان بدات. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها سێزدەیەمین فێستیڤاڵی ڕێزگرتن لە زمانی دایکی لە ساڵی ۲۰۱۲دا بۆ "فرەزمانی بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوەی پەروەردەیی" تەرخان کرا.

سەبارەت بە زمان، زمانی دایکی و گرینگی و پاراستنی، هۆکارەکانی گەشەکردنی، لاوازبوون و هەستانەوەی، چۆنیەتی و هۆکاری سەرکوتی سیستماتیکی شاراوە و ئاشکرای ژمارەیەک لە زمانەکان، هەروەها هۆکارەکان و چۆنیەتیی سەپاندن، بەرفراوانکردن و زاڵکردنی زمانێک بەسەر زمانەکانی دیکەدا، کۆمەڵێک توێژینەوەی هەمەلایەنە لە گۆشە و کەناری جیهاندا کراون و لەو پێوەندییەدا هەموو ساڵێک سەدان پەرتووکی پسپۆڕانە و هەزاران وتار بە زمانە جۆراوجۆرەکان چاپ و بڵاو دەبێتەوە. بەڵام لە ئێراندا سەرەڕای فرەزمانی و بوونی نموونەی بەرچاوی زۆر، کاری زانستی و توێژینەوەیەکی ئەوتۆ نەکراوە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی لاوازی پەروەردەیی و ئیدئۆلۆژیی بەرچاوتەنگانەی زاڵ بەسەر ئەو بوارەدا.

ئەوەی کە ئێستا لە گۆڕەپانی زمانی و نەتەوایەتی لە ئێراندا ڕوو دەدات و لە گۆڕێدایە، نموونەی بەرچاوی ڕەگەزپەرەستیی کلاسیک و جێگیرکراوە کە دەتوانین لە "زمانکوژیی حکوومەتی"، "ژینۆسایدی زمانی"، "زمانکوژیی حکوومەتی" و "کۆلۆنیاڵیزمی نێوخۆییـ"ـدا کورت بکرێتەوە.

ئازادیی زمانی دایکی لە هەموو کۆمەڵگادا مافی بێ ئەملاوئەولای هەموو مرۆڤێکە. بەڵام ئەو مافە لە وڵاتانی وەک ئێران و تورکیە و هتددا لە چەندین ملیۆن مرۆڤ زەوت کراوە. لە ئێراندا بێجگە لە زمانی فارسی، خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی قەدەغەیە و هەر جۆرە هەوڵ و خەباتێک بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە بێ ئەملاوئەولایە لەگەڵ دڕندانەترین سەرکوتە حکوومەتییەکان و گوشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بەروڕوو بووەتەوە. هەم لە سەردەمی دەسەڵاتی پەهلەوی و هەم ئێستاش لە ڕێژیمی ئیسلامیدا کۆمەڵێک یاسای وەک "یەکپارچەیی خاک" دانراون کە کۆنەپەرستانەترین و دژەمرۆییترین یاساکانن. چوونکە تا ئێستا بە گوێرەی ئەو یاسایانە، هەر کەسێک کە گوتبێتی بۆچی دەبێ من لە خوێندن بە زمانی دایکیی خۆم بێبەش بم، وەکوو "جیاییخواز" دەسبەسەر و زیندانی و ئەشکەنجەیان کردووە. هەنووکە زۆرێک لە بەندکراوان لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا تەنیا لەبەر ئەوە دەسبەسەر و زیندانی کراون کە دژ بە قەدەغەبوونی زمانی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئامانج لە ئاسیمیلاسیۆن یان "تواندنەوەی فەرهەنگی"، بە کۆلۆنیکردن و تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکان لەنێو نەتەوەی فارسدایە. لەو پێناوەشدا زمانی ئێمەیان کردووەتە ئامانج... ئەوان دەزانن کە ئەگەر زمانی ئێمە لەنێو ببەن، دەتوانن نکۆڵی لە ئەدەبیات و مێژووی ئێمەش بکەن. پەروەردە و فێرکردن و بڵاوکردنەوەی گۆڤار و پەرتووک بە زمانی دایکیی ئێمەیان سنووردار کرد و لە ئاکامدا زمانی ئێمە تەنیا لە ئاستی قسەکردنی ڕۆژانە و ڕووکەشیدا بەرتەسک کرایەوە. کاتێک کە زمانیش خاوەنی پاشخانی نووسراو نەبێت و بازنەی بەکارهێنانی لە قسەکردنی ڕۆژانە تێنەپەڕێت، وشەکان لە بیر دەچنەوە و زمان هەژار دەبێت. ئەو هەژارییەش بە شێوەیەکی بێ ڕەوشتانە، دەبێتە بیانوویەک بۆ بچووککردنی کەسانێک (بەتایبەتی لەنێو نەوەی نوێدا) کە بێ ئاگا لە هەموو شتێک لە زمانی دایکیی خۆیان بێبەش کراون. ئەوان بەوە تۆمەتبار دەکرێن کە زمانیان زیاتر لە شێوەزارێک نییە.

ئاشکرایە کە زمان، گرینگترین ئامرازی پێوەندیی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا و کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانە. لە نێوان زمانی دایکی و ئازادی و دێموکراسیدا کۆمەڵێک پێوەندیی لێکدانەبڕاو هەیە. بەوپێیە کە لە بنەڕەتدا خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایکی مافی حاشاهەڵنەگری هەر تاکێکە و بەو پێیە کە دێموکراسی بە واتای دابینکردنی مافی یەکسان و ئازادییە تاکەکەسی و مرۆییەکان لە کۆمەڵگادایە، کەوابوو خوێندن بە زمانی دایکی به ئاشکرا بەشێکی دانەبڕاو لە مافەکانی مرۆڤ و لە بنەما سەرەتاییەکانی ئازادی، یەکسانی و دێموکراسی و بە واتای بەشداریی هەموو هاوڵاتیان لە سەرجەم کاروبارە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندایە. ئەو بەشدارییە تەنیا کاتێک ڕوو دەدات کە خەڵک بتوانن هەر بەو زمانە سەرەکی و دایکییەی خۆیان کە ئاسانتر قسەی پێ دەکەن، بکەونە باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.