کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین کاردانەوەی لێکەوتەوە

13:02 - 9 خاکەلێوه 2721

لە کاردانەوەکان بە گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین، زیاتر لە ٢٣٠ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ئێران و دەرەوە  لە نامەیەکی ناڕازییانەدا بۆ سەرکۆماری چین، ئەو گرێبەستەیان بێ نرخ و دژە مرۆیی ناو بردووە.

ئەو نامەیە ڕوو بە ''شی جین پینگ'' سەرکۆماری چێن نووسراوە کە گرێبەستی هاوکاریی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، گرێبەستە تاڵەکانی ''تورکەمنچای و گوكستان'' وەبیر دێنێتەوە، بۆیە چاوەڕوانیمان هەیە وەزیری دەرەوەی خۆتان بۆ پکەن بانگهێشت بکەنەوە و پێش بەم گرێبەستە بگیرێت.

هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران نوێنەری خەڵکی ئێران نییە و تەنیا بۆ پێشگرتن لە ڕووخان و مانەوەی خۆی ئەم گرێبەستەی واژۆ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ''حەمید ڕەزا ساڵحی'' ئەندامی هەیئەتی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی تاران باسی لەوە کردووە کە چالاکانی کەرتی تایبەتیش هەتا ئێستا لە وردەکاریی ئەو گرێبەستە ئاگادار نەبوونەتەوە و هۆشداریی داوە کە نابێت بەخۆڕایی هەموو شتێک بخەینە بەردەستی چین.

هاوکات ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا لە کاردانەوەیەکی کورتدا نیگەرانی لەو گرێبەستە دەربڕیوە.

''بایدن'' وتوویەتی: ''ماوەی یەک ساڵە نیگرانی ئەو بابەتەین''.  

گرێبەستی هاوکاریی هەمەلایەنە لە نێوان ڕێژیمی ئێران و چین ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە کە بۆ ٢٥ ساڵ واژۆ کرا لە تاران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناوەرۆکی ئەو گرێبەستە بوارەکانی وەک ستراتیژیی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و گواستنەوە و تەنانەت ئەمنییەتی لەخۆ دەگرێت.

گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین سەرووتر لە هەر چەشنە گرێبەست و پەیماننامەیەکە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی قانی زۆری لە بواری نەوت، گاز، پێترۆشیمی، هاتوچۆ و کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکە بە ماوەی ٢٥ ساڵ بە چین داوە.