کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرێبەستی هاوکاریی هەمەلایەنەی ٢٥ ساڵە لەنێوان ئێران و چین لە تاران واژۆ کرا

18:40 - 7 خاکەلێوه 2721

وەزیرانی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و چین ڕۆژی شەممە ٧ی خاکەلێوە، گرێبەستی هاوکاریی هەمەلایەنیان کە بۆ ٢٥ ساڵ ڕێک خراوە، لە تاران واژۆ کرد.

''محەممەد جەواد زەریف'' ئەم گرێبەستەی وێڕای هاوتا چینییەکەی خۆی ''وانگ یی'' لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران واژۆ کرد.

پێشتر هەواڵدەرییەکان لە ئێران بە کۆتایی گەیشتنی ئەو گرێبەستەیان بۆ ئەو کاتە گەڕاندووەتەوە کە ''عەلی لاریجانی'' ڕاوێژکاری ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین چاوپێکەوتنی هەبووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە.

ناوەرۆکی ئەو گرێبەستە بوارەکانی وەک ستراتیژیی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و گواستنەوە و تەنانەت ئەمنییەتی لەخۆ دەگرێت.

گرێبەستی ٢٥ ساڵەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین سەرووتر لە هەر چەشنە گرێبەست و پەیماننامەیەکە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەی فەرمی قانی زۆری لە بواری نەوت، گاز، پێترۆشیمی، هاتوچۆ و کەلوپەلە نیزامییەکان لە ئێران بە ماوەی ٢٥ ساڵ ڕادەستی چین دەکات.