کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گورجستان و تورکیە سنووری بازرگانیی خۆیان بە ڕووی ئێراندا داخست

13:31 - 24 جۆزەردان 2720

هەرکام لە وڵاتانی گورجستان و تورکیە بەهۆی مەترسیی کۆرۆناوە دەرگای سنوورە بازرگانییەکانیان بەڕووی ئێراندا داخست.

هەر چەند گورجستان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی مەترسیی کۆرۆناوە ئەو سنوورانەی داخستووە، بەڵام بە شێوەی فەرمی هەڵوێستی خۆی لە بەرامبەر داخستنی دەرگای بازرگانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەگرتووەتە بەر.

هەر لەو پەیوەندییەدا "عەلی شەریعەتی" ئەندامی هەیئەتی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی، ئەو کارەی وڵاتی گورجستان هەوڵێکی سیاسیی لە پشتەوەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "هەر لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە گورجستان سنوورە بازرگانییەکانی داخستووە و ئەو کامیۆنانە کە هەڵگری میوە بوون لەلایەن ئەو وڵاتەوە خاڵی کراونەتەوە کە هەنووکەش هۆکارەکەی بۆ ئێمە ناڕوونە و نیگەرانیی بازرگانەکانی ئێمەی لێکەوتووەتەوە".

وڵاتی تورکیە بە هەمان شێوەی گورجستان، سنوورە بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پچڕاندووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران نکۆڵی لە داخرانی ئەو سنوورانە دەکات و دەڵێت، هێشتا لەو سنوورانە مامەڵەی بازرگانی بەردەوامە.