کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشار بۆ سەر چالاکانی ئەهوازی بەردەوامە

17:13 - 9 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ٢ چالاکی ئەهوازی بەهۆی واژۆنەکردنی تۆبەنامە ساڵێک زیندانیان بۆ بڕایەوە و بەڵێنی نووسراوەشیان لێ وەرگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لقی ٤ی دادگای ئینقلابی ئەهواز حوکمی ساڵێک زیندانی و واژۆکردنی بەڵێن نامەی نووسراوی بۆ ٢ چالاکی عەرەبی سووننی مەزهەب بڕاندەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە قازی پەروەندەکە بەم کەسانەی ڕاگەیاندووە کە دەبێ واز لە مەزهەبی سووننی بهێنن و بۆ مەزهەبی شیعە بگەڕێنەوە و لەمبارەوە تۆبەنامە واژۆ بکەن کە ئەم کەسانە داواکاری ناوبراویان ڕەت کردووەتەوە.

شوناسی ئەم ٢ چالاکە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: عەبدولحەکیم خزرجی ٢٦ ساڵ و مێهدی حەیدەری ٣٢ سال خەڵکی ناوچەی مەلاشیە لە باشووری ئەهواز.

ئەم ٢ کەسە پێشتریش لە زستانی ساڵی ٩٤ بەتۆمەتی چالاکی مەزهەبی لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون تا دواجار لە پاش چەند مانگ دەسبەسەرکران و ئەشکەنجە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئەهوازەوە حوکمی ١ ساڵ زیندانیان بۆ بڕایەوە.

لە ڕەزبەری ئەمساڵدا حوکمە داسەپاوەکەیان کۆتایی پێهات بەڵام قازی پەروەندەکەیان پێش لە ئازادکران داوای لێکردبوون بگەڕێنەوە بۆ سەر مەزهەبی شیعە و تۆبەنامە واژۆ بکەن کە لەگەڵ دژایەتی ئەم چالاکانە بەرەوڕوو دەبێتەوە؛ ناوبراویش لە تۆڵەی ئەم هەڵوێستە جارێکی دیکە حوکمی زیندانیان بەسەردا دەسەپێنێت.

ئەم ٢ چالاکە هەنووکە لە زیندانی شیبانی ئەهوازدا دەسبەسەر کراون و ماوەی حوکمەکەیان تێدەپەڕێنن.

بەپێی دوایین ئامارەکان تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥دا ١١٣ حاڵەتی پێشێل کردنی مافی کەمینە مەزهەبییەکان، لەوانە بەهاییەکان، سووننییەکان، مەسیحییەکان و دەروێشەکان، تۆمار کراوە کە لەنێویاندا ٣١ چالاکی مەزهەبی سووننی بە ١٠٧٢ مانگ زیندانی تەعزیری و ١٢ مانگ زیندانی تەعلیقی مەحکوم کراون.