کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری رێژیمی ئێران بۆسەر مامۆستایانی ئایینی سوننە لەمەڕ دیاریکردنی رۆژی جێژن

16:26 - 7 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران وەکوو ساڵانی رابردوو هەڕەشەی لە مامۆستایانی ئایینی سوننە مەزهەب کردووە و پێی راگەیاندوون، مافی راگەیاندنی جێژنی رەمەزانیان لەگەڵ وڵاتانە ئیسلامییەکاندا نییە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە بەرەبەری جێژنی رەمەزاندا رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بارەی دیاریکردنی رۆژی جێژنی رەمەزانەوە بە مامۆستا ئایینییەکانی پێڕەوی مەزهەبی سوننە لە شاری ئورمیە و دەوروبەری رایگەیاندووە کە دەبێ ئەو رۆژە وەکوو جێژن دیاری بکەن کە رێژیمی ئیسلامیی بۆیان دیاری دەکا.

رێژیم لەو پێوەندییەدا هەڕەشەی لە مامۆستایانی ئایینی کردووە لە ئەگەری دەرکردنی وەها بڕیارێک و راگەیاندنی جێژنی رەمەزان لەگەڵ وڵاتە ئیسلامییەکانی دیکەی ناوچەکە، لەگەڵ مەترسیی دەسبەسەرکران و زیندانی کران بەرەوڕوو دەبنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ژمارەیەک لە مامۆستایانی سوننە مەزهەب بەهۆی هەرەشەی هێزەکانی رێژیم رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی گەلاوێژیان وەکوو رۆژی جێژنی رەمەزان راگەیاند.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی هەموو وڵاتانی ئیسلامیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رۆژێک پاش جێژنی رەمەزان وەکوو رۆژی جێژن رادەگەیەنێت.