کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری رێژیمی ئێران بۆسەر کرێکارانی بەرهەمهێنەری بنێشتی کوردی لە هەورامان

16:39 - 2 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: کارێکارانی کوردی بنێشتی کوردی لە کوێستانەکانی هەورامان، بەهۆی گوشار و هەڕەشەی هێزەکانی رێژیم بە ناچاری بەرهەمی ئەمساڵی خۆیان لە ناو برد.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لەم حەفتەیەدا مەئموورانی بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکان (منابع طبیعی) لە \'\'سەوڵاوا\'\' لەناکاو رژاونەتە گوندی \'\'بارام ئاوا\'\' بە تێکڕای کرێکارانی بەرهەمهێنەری بنێشتی کوردی(وەن)یان راگەیاندووە، کە دەبێ تێکڕای ئەو کارانەی کە لەم دوایی‌یانەدا لەسەر داروەنەکانی ئەنجامیان داوە، لەناوی بەرن.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندی \'\'بارام ئاوا\'\' بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: تاکە رێگەی بژیویی ژیانی بەشێکی زۆر لەو کرێکارانە لە رێگەی بەرهەمهێنانی بنێشتی کوردییەوە بوو کە بەرهەمی ئەمساڵیان بەهۆی گوشاری بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروشتییەکانی سەوڵاوا لەناوچوو.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: بەڕێوەبەرایەتیی سەرچاوە سروسشتییەکانی سەوڵاوا هەڕەشەی دەسبەسەرکردن و دادگایی کردنی ئەو کریکارانەی لە ئەگەری تێکنەدانی \'\'کوچەڵە\'\'ی سەر دارقەزوانەکان کردبوو.

\'\'کوچەڵە\'\' بەو قوڕە دەگوترێ کە بەرهەمهێنەرانی بنێشتی کوردی بە مەبەستی کۆکردنەوەی شیرە لە داروەن، یان دارقەزوانەکان دەدرێ.

پێشتریش لەو پێوەندییەدا هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوندی \'\'کلوور ئیمامی\'\' هێرشیان کردبووە کرێکارانی بەرهەمهێنەری بنێشتی کوردی و سەرەڕای تەقەکردن، بێ حورمەتی و کوتان و لێدان، دەسبەسەریان کردبوون و بۆ پاسگای \'\'بیزڵ\'\' لە چیای\'\' گێژان\'\' رایانگواستبوون.

بنێشتی کوردی جیا لەوەی لە باری ئابوورییەوە داهاتی بەشێک لە گوندنشینانی کوردستانی دابین دەکات، لە باری پزیشکیشەوە کۆمەڵێک تایبەتیی هەیە کە جاوینی هەمیشە لەلایەن پزیشکانەوە پێشنیار کراوە.

جاوینی بنێشتی کوردی لە دەرمانی برینەکانی گەدە، دوانزە گرێ، ئاوسانی ریخۆڵە و کۆمەڵێک نەخۆشیی کۆ ئەندامی هەرس و نەخۆشییەکانی گورچیلە، بە کەڵکە و سەرەڕای ئەمانە بۆنی پیسی دەم و ددان لەناو دەبات و هێز بە خانەکانی ددان و هاروو دەبەخشێت.