دژە گەلییەکانی ڕێژیمی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر گوندەکانی ناوچەی "ئیمامی و باینگان' سەر بە شاری "پاوە".
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو ناوچانە گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر ئەو خەڵکەی کە لە ناوچەی "ئیمامـ"ـیەوە گەڕاونەتەوە گەرمییان.
خەڵکی ئەو گوندانە سەرقاڵی ئاژەڵدارین و ڕێژیمی ئێران باجێکی زۆر لە خەڵک وەرگرتووە و کەسێکیشیان بە ناوی "محەممەدکەریم نیاز زاتە"، دەسبەسەر و داوای ٨٥٤ ملیۆن تمەن پارەی لێ دەکەن.
هەروەها ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان، هێزەکانی ئیتلاعات دوو لاوی خەڵکی ناوچەی "ئیمامیـ"ـیان لە "ئەشکەوتی حوسێن" بە ناوەکانی "محەممەد فەیزی" و "پووریا ناویک" دەسبەسەر و بێسەروشوێنیان کردوون و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان دیار نییە.
هاووڵاتییان لەو ناوچەیە داوایان کردووە لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرییە بێ هەڵوێست نەبن و لە بەرامبەر کردەوەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕاوەستن.