کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری شارەداری بۆ سەر کەسانی کەمداهات کە بە بێ مۆڵەت خانوو دروست دەکەن

17:17 - 12 پووشپەڕ 2720

مەئمورانی شارەداریی بۆکان بە هاوکاریی چەکدارانی بەسیج لەو شارە شەوانە هێرشیان دەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە خانوو دروست دەکەن و بە بیانووی نەبوونی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو داوای پارە لە خاوەن خانووەکە دەکەن.

لەحاڵێکدا کە خەڵک لە دۆخێکی زۆر نالەباری ئابووریدا ژیان بەسەر دەبەن، بۆ دروستکردنی خانوو، شارەداریی داوای پارەیەکی زۆر لە خەڵک دەکات کە خەڵکی هەژار و دەستکورت توانای دابیینکردنی ئەو پارەیان نییە.

لەگەڵ خراپتربوونی دۆخی ئابووری و گرانبوونی لەڕادەبەدەری نرخی پێداویستییەکانی بیناسازی و تێچووی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو، نە تەنیا خەڵک توانای ئەوەیان نەماوە کە خانوودروست بکەن؛ بەڵکوو توانای دابیینکردنی کرێ خانووشیان نییە.

ئەم بارودۆخە لەحاڵێکدایە کە دابینکردنی خانووبەرە لە هەر وڵاتێکدا بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە ئەرکی سەرەکیی دەسەڵاتە و لە ڕێژیمی ئێراندا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی ئەم کێشانە نادرێت.