کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری لانیزۆری لەسەر ڕێژیمی ئێران درێژەی دەبێت

18:11 - 30 رەزبەر 2720

لەحاڵێکدا کە ڕێژیمی ئێران لە چاوەڕوانیی شکستی "دانڵد ترامپ" لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادایە، نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێراندا ڕایگەیاندووە لەهەر حاڵەتدا گوشارە لانیزۆرییەکان لەسەر ئێران درێژەی دەبێت.

"ئلیووت ئابڕامز" نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە کاروباری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی ڕەزبەر لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" ڕایگەیاندووە: "هەتا کاتێک کە ڕێژیمی ئێران کردارەکانی خۆی نەگۆڕێت، ستراتیژیی گوشاری لانیزۆریی ئامریکا دژ بە ڕێژیمی ئێران درێژەی دەبێت".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە جیاوازییەکی نییە کە چ کەسێک ببێتە سەرکۆماری ئامریکا چون لەهەر حاڵەتدا ئەو سیاسەتە لەجێی خۆیدایە.

"ئابڕامز" لەدرێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: "هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وا بیر دەکەنەوە کە ئەگەر دانڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا شکست بێنێت، گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران کۆتایی پێ دێت، ئێمە چەترێکی بەرین لە گەمارۆکانمان دژ بە ڕێژیمی ئێران ئاوەڵا کردووە و گەمارۆکان بەردەوام دەبێت و هەتا کاتیک کە ڕێژیمی ئێران کرداری خۆی نەگۆڕێت سیاسەتی گوشاری لانیزۆریش درێژەی دەبێت".

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆکانی ئامریکا کاریگەریی خۆی داناوە و ڕێژیمی ئێران هەتا ٤ ساڵی داهاتوو توانایی هەڵگرتنی باری ئەو گوشارانەی نامێنێت و داڕمانی ڕۆژ بە ڕۆژی ڕیاڵی ئێران لە بەرانبەر دۆلاری ئامریکادا نیشاندەری سەرکەوتوویی سیاسەتەکانی ئامریکایە.