کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری لەڕادەبەدەریی ڕێژیم بۆ سەر خەڵک لە کاتە قەیراناوییەکاندا بەردەوامە

12:42 - 21 رەشەمه 2719

ڕێژیمی ئێران لە کاتە قەیراناوییەکاندا، لەجیاتیی یارمەتی گەیاندن بە خەڵک و خزمەتکردنی بەخۆڕایی، گوشاری خستووەتە سەریان و لە ئەگەری نەدانی فیشی ئاو، کارەبا و گاز، هەوڵ بۆ بچڕاندنیان دەدات.

شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی شاری "نەغەدە" سەر بە پارێزگای ورمێ، بە ناردنی فیشگەلێک هۆشداریی بە خەڵک داوە کە لە ئەگەری نەدانی پارەی فیشەکانیان، تا ٥ ڕۆژی دیکە ئاویان لێ دەپچڕێنن.

هەروەها لە پارێزگای "ورمێ"، بەرپرسانی ڕێژیم، هەڕەشەی بچڕاندنی ئاو و گازیان لە خەڵک کردووە و لە بەشگەلێک لە "ئیسلام ئاوا، ئەلواج و بادکی"، ئاو و کارەبای خەڵکیان بچڕاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا چەند ڕۆژ پێشیش، ئیدارەی کارەبای پارێزگای "ئیلام"، هەوڵی بچڕاندنی کارەبای هەندێک لە ناوچەکانی ئەو پارێزگایەی دابوو.

ئەو هەوڵانە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بەڵێنیی بە خەڵک دابوو کە تا کۆتاییەکانی مانگی بانەمەڕ، مۆڵەتی دانی قەرزداریی بانکی و فیشی ئاو و کارەبا و گازی وەدوا خستووە.

لە حاڵێکدا کە خەڵک بۆ خۆیان ڕایانگەیاندووە کە لەو دۆخە قەیراناوییەدا کرێی ماڵ و دووکان لە خەڵک وەرناگرن، بەڵام ڕێژیم لە بەرانبەردا بە شێوازی جیاواز گوشاری خستووەتە سەر خەڵک و دۆخە قەیراناوییەکان لەسەر خەڵک قەیراناویتر دەکاتەوە.