کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەوڵاوا بۆ سەر خەڵکی گوندی دزڵی

12:48 - 7 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەوڵاوا لە هەوڵی داگیرکردنی زەوی و زاری هاووڵاتییانی گوندی دزڵی دایه. ئەو زەوییانە سەدان ساڵە لەلایەن خەڵکی ئەوە گوندە دەکێڵدرێن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی کەشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتییەکانی سەوڵاوا، گوشاریان بۆ وەرزێرانی گوندی دزڵی هێناوە و داوایان کردووە بڕی پارەی ١٠ هەتا ٥٠ هەزار تمەن بەو ئیدارەیە بدەن، بەڵام ئەم داوایه لەلایەن وەرزێڕانی ئەو گوندەوە رەت کراوەتەوە.
بە وتەی شایەتحاڵێکی گوندی دزڵی، ئیدارەی کەشاوەرزی و سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەوڵاوا، هەڕەشەی لە وەرزێڕانی گوندی دزڵی کردووە، کەلە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیە، زەوی و زارەکانیان لەلایەن سەرچاوە سروشتییەکانەوە زەوت دەکرێ و وەکوو سەرچاوەی سروشتی لەقەڵەمیان دەدات.
بە وتەی هاووڵاتییانی گوندی دزڵی ئامانجی رێژیم لەم چەشنە پڕۆژانە، دروست کردنی ئاژاوە و نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان هاووڵاتییان و دانیشتوانی ئەو گوندەیە و بە وەرگرتنی ئەو زەوییانە لە هاووڵاتییەک و فرۆشتنیان بە هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو گوندە، هەوڵی دروست کردنی ئەو چەشنە پشێویانە دەدات.
هاووڵاتییەکی گوندی دزڵی دەڵێت: ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان لە حاڵێکدا خۆی بە خەمخۆری زەوی و زارە سروشتی و میللییەکان دەزانێت، کەلە شاری سەوڵاوا و دەوروبەری ساڵانە دەیان و بگرە سەدان حاڵەتی ئاگر کەوتنەوە روو دەدات، بەڵام ئەم ئیدارەیە گوێی لێ خەواندووە و خۆی بە وەڵامدەر نازانێت.