کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر کەسایەتییە ئایینییەکانی کامیاران

17:53 - 5 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: سەید موحسین حوسێنی پێشنوێژی هەینیی پێشووی شاری کامیاران لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی دەرکرانی لەو شارەی لێ کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە درێژەی گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم بۆسەر مامۆستایان و چالاکانی ئایینیی سوننە مەزهەب، سەید موحسین حوسێنی ئیمام جومعەی پێشووی شاری کامیاران لەلایەن بەرپرسانی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی دەرکرانی لەو شارەدا لێ کراوە.

ناوبراو چوار ساڵ پێش ئێستا لەسەر بڕیاری شۆرای رۆحانیەتی پارێزگای سنە و ئیدارەی ئیتلاعات مافی پێشنوێژیی مزگەوتی جامێعەی شاری کامیاران و هەروەها وتارخوێنیی لێ سەندرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: مەلا موحسین حوسێنی لە چوار ساڵی رابردوودا پاش لێ سەندنەوەی مافی مەلایەتی، بەردەوام لەگەڵ گوشار و هەڕەشەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەرەوڕوو بووە و بە شێوازی جۆراوجۆر بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ئەو سەرچاوە وتیشی: لەم دوایی‌یانەدا حوجرەی فەقێکانی مەلا موحسین لەلایەن ئیتلاعاتی کامیارانەوە داخرا و مافی وانە وتنەوەشی لێ زەوت کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران حەفتەی رابردوو \'\'مەلا موحسین حوسێنی\'\'یان بانگهێشت و پێیان راگەیاندووە کە چیدیکە مافی وانە وتنەوە و مانەوەی لە شاری کامیاراندا نییە.

هێزە ئەمنیەتییەکان لەو لێپێچینەوەیەدا هەڕەشەیان لە مەلا موحسین کردووە و پێیان وتووە: ئەگەر ملکەچی بڕیاریان نەبێت ئەوە خۆی بۆ کۆمەڵێک گرفتی چاوەڕوان نەکراو ئامادە بکات.

لەو پێوەندییەدا پێشتر \'\'کوردستان میدیا\'\' راپۆرتێکی لەبارەی گوشاری هێزەکانی رێژیم بۆسەر مامۆستایانی ئایینی لە مەریواندا بڵاو کردبووەوە.
لەو راپۆرتەدا هاتبوو: مەلا ساحیب غەریبی مامۆستای گوندی قایبەرد سەربە شارستانی بانە بەهۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو مزگەوتە دوور خرایەوە.

مەلا ساحیب غەریبی خەڵکی گوندی \'\'هەورامانی تەخت\'\' سەربە شارستانی سەوڵاوا، پێشتر پێشنوێژ و وتارخوێنی نوێژی هەینیی گوندی \'\'نێ\'\' لە شارستانی مەریوان بوو.

مەلا ساحیب غەریبی پێشتریش لە گوندی نێ مافی وتار خوێندن و پێشنوێژیی لەو مزگەوتەدا لێ سەندرابوویەوە و بۆ شارستانی بانە دوورخرابووەوە.

ئەو مامۆستا ئایینییە تەنیا بە تۆمەتی \'\'ملکەچ نەبوون بە بڕیاری دەزگای ئیتلاعات لەمەڕ پڕوپاگەندە بۆ سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران\'\' مافی پێشنوێژی و وتارخوێنیی لە گوندەکانی \'\'نێ و قایبەرد\'\'ی لێ سەندراوەتەوە.