کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی سپای تێرۆریستی بۆ سەر خەڵک بەردەوامە

12:39 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بەردەوام گوشار دەخاتە سەر خەڵک و شار و گوندەکانی کوردستان میلیتاریزە دەکات.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش بەدواداچوونێکی ورد باسی لەوە کرد، مۆڵگەی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە گوندی "نێ"، بە شەودا و لە دەوروبەری ئاوایی بۆسە دەنێتەوە و هەر کەس بکەوێتە نێو ئەو بۆسانە، قۆڵبەست دەکرێت و ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: بەکرێگیراوانی سپای تیرۆریستی، لە ترسی حزووری پێشمەرگە لە نێو خەڵکدا و بەو بیانوویە، کە ئەو خەڵکە یارمەتیی پێشمەرگە دەدەن، پێش بە هاتووچۆی خەڵک بۆ دەرەوەی ئەو گوند دەگرن و هەر بۆیە خەو و خوراکیان لێ حەرام بووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاندووە، هەر لە پێوەندی لە گەڵ ئەو میلیتاریزەکردنەدا چەند شەو پێشتر لاوێکیان بە ناوی "دلێر فەتاحزادە" کوڕی "عارف" خەڵکی ئەو گوندە دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیتلاعاتی سپای مەریوان کردووە و پاش دادگاییکردن، لە زیندانی مەریوان ڕاگیراوە.

ڕێژیمی تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای ڕێکخراوی تێرۆریستی "سپای پاسدارانـ"ـەوە، بەردەوام خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان دەخاتە ژێر گوشارەوە و لاوانی مافخوازی کورد لەسەر داوای ڕەوا و ئازادیخوازانەیان دەسبەسەر دەکات و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدات.