کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٠٠ گوند لە پارێزگای سنە لەگەڵ کێشەی کەمئاوی بەرەوڕوون

17:32 - 19 سەرماوەز 2720

''عەلیڕەزا زەندیان'' بەناو نوێنەری شاری بیجاڕ لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ٩٠٠ گوندی پارێزگای سنە یان کێشەی کەمئاوییان هەیە یان لە ئاوی پیس کەڵک وەردەگرن کە لەو ٩٠٠ گوندە ٧٠ گوندیان سەر بە شاری بیجاڕن، لە حاڵێکدا ئاوی سەر زەوی لەو شارە زۆرە و ڕێژەی بارینیشی زۆر باشە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، ساڵانە پارێزگای سنە ١٣ میلیارد میتری چوارگۆشەی ئاوی سەر زەویی هەبووە کە ٤٠٠ ملیۆن میتری چوارگۆشەی لە بیجاڕ بووە، بەڵام خەڵک لەگەڵ کێشەی کەمئاوی بەرەوڕوون.

''زەندیان'' باسی لەوە کردووە، زۆرترین ئاوی سەر زەوی لە پارێزگای سنە دەڕواتە دەرەوە، بەشێک لە ئاوی بەنداوی ئازاد بۆ کارخانەی پۆڵای قوروە دەڕوات کە ئەمە ئەو پرسیارە دروست دەکات کە لە کوێی جیهان لە ئاوی خواردنەوە بۆ پۆڵا کەڵکی لێ وەردەگیرێت، لە حاڵێکدا خەڵکی ئەو پارێزگایە لەگەڵ کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

ئەو بەناو نوێنەرە لە مەجلیسی ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە شایستەسالاری لە دانان و سپاردنی بەرپرسیاریەتییەکان لە پارێزگای سنە لەبەرچاو ناگیرێت، لە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەران باند و باندبازی بەسەر توانایی و لێهاتوویی کەسەکان زاڵە.