کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠٠ گوند لە پارێزگای کرماشان لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوون

13:29 - 3 پووشپەڕ 2720

سەدان گوند لە پارێزگای کرماشان لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاو بەرەوڕوون، بەڵام کێشەی کەمئاوی و بێئاوی لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیداری ڕێژیمەوە چارەسەر ناکرێت.

''عەلیڕەزا کاکاوەند'' بەڕیوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان وتوویەتی کە لەم پارێزگایە نزیکەی ٤٠٠ گوند کێشەی دابیینکردنی ئاویان هەیە و بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ئەم گوندانە ٢٦٠ میلیارد تمەن بودجەی پێویستە.

ناوبراو حەشیمەتی ئەو گوندانەی ٢٠ هەزار کەس ڕاگەیاندووە کە بۆ دانیشتووانی نزیکەی ٨٥ گوند، بە تانکێر ئاویان بۆ دەچێت.

سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیان بە بوونی ئەو قەیرانە داناوە، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بە شێوەی کردەوە لە پێناو لابردنی ئەو کێشانە نادەن.

هەروەها لە ناوچەی ''سۆما و برادۆستـ''ـی سەر بە شاری ورمێ چەندین گوند لەگەڵ کێشەی پچڕانی ئاو بەرەوڕوون.

خەڵکی چەندین گوندی وەکوو ''هەشتیان و مینگۆل'' باسیان لەوە کردووە کە ئاوی خواردەنەوەی ئەم گوندانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەردەوام دەپچڕێت و ناچارین لە شوێنی دیکەوە ئاو دابین بکەین.

هەروەها دێهیاریی گوندی ''مینگۆڵ'' بەنیسبەت دۆخی ئاوی خواردنەوەی ئەم گوندە بەهۆی شکانی لولە ناڕزایەتیی دەربڕیوە و وتوویەتی کە سەرەڕای ئەوەی کە لەلایەن ئەو دێهیارییەوە هەوڵی پێویست ئەنجام دراوە بەڵام دیسان خەڵکی ئەو گوندە لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوون.

دروستکردنی بەنداوی ناستاندارد، نەبوونی کاناڵەکانی ستانداری ئاو و کەمیی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی تایبەت بەو بەشە، لەو هۆکارانەن کە کوردستانی لەگەڵ کێشەی کەمئاوی و بێئاویی بەرەوڕوو کردووەتەوە.