کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی "حەسەن سلێمان" سێ ساڵە ئاوی نییە

12:16 - 17 جۆزەردان 2720

لە شار و گوندەکانی کوردستان بێئاوی پرسێکی جیددییە کە هەڕەشە لە ژیانی خەڵک دەکات و بەشێک لە گوندەکان ماوەی چەند ساڵە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

دانیشتووانی گوندی "حەسەن سلێمان" لە ناوچەی قەڵخانی زیاتر لە سێ ساڵە کە ئاوی خواردنەوەیان نییە.

گوندی "حەسەن سلێمان" لە ٣٠ کیلۆمیتریی شاری سەرپێڵ زەهاو هەڵکەوتووە. دانیشتووانی ئەو گوندە ماوەی چەند ساڵە ئاوی خواردنەوەیان نییە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی خەڵک بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە ئەنجامێک نەگەیشتووە. خەڵک بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە له تانکری ئاو و دەبە کەڵک وەردەگرن کە هەر تانکر ئاو بە ٤٠ هەزار تمەن دەکڕن.

خەڵکی ئەو گوندە داوایان لە بەخشدار و فەرماندار کردووە کە کێشەی بێئاوییان بۆ چارەسەر بکات، چونکە ماوەی سێ ساڵە کە کێشەی بێئاوییان هەیە.

دانیشتووانی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە: "بەرپرسان چ کاتێک لە خەو هەڵدەستن؟ بەڕاستی بەداخین بۆ بەرپرسان؛ ئێمە چەندین جار داوامان لە بەخشدار و فەرماندار کردووە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام وڵامدەر نین".

دوای تێپەڕبوونی نزیک بە سێ ساڵ و نیو لە بوومەلەرزەی کرماشان، هەتا ئێستا نەتەنیا کێشەی بوومەلەرزەلێدراون چارەسەر نەکراوە، بەڵکوو کێشەکانیان چەند قات زیاتر بووە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام بەڵێنی بە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو دەدەن کە کێشەکان چارەسەر دەکەن.