کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠٠٧ گوندی سیستان و بەلووچستان لە لوولەکەشیی ئاو بێبەرین

13:16 - 12 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی سیستان و بەلووچستان ڕایگەیاندووە کە ٤٠٠٧ گوند لە ٦ هەزار و ٥٥٣ گوندی ئەم پارێزگایە، لوولەکەشیی ئاویان نییە.

"ئەتابەک جەعفەری"، بەرپرسی شیرکەتی ئاوی ناوچەیی سیستان و بەلووچستان، لە لێدوانێکدا باسی نەبوونی خزمەتگوزاریی ژیان بۆ خەڵکی ئەم پارێزگایە و لە پەراوێزخستنی لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە کردووە.

ناوبراو لە قسەکانی خۆیدا فاکتەرگەلێکی وەکوو: لەسەرەوەبوونی ئاماری حەشیمەت و بەربڵاویی ئەم حەشیمەتە، زۆربوونی حەشیمەتی گوندنشین بەنیسبەت حەشیمەتی شارنشین، بەردەوامیی وشکەساڵییەکان، هەژاریی سروشتیی سەرچاوە ئاوییەکان، کەمبوونی باران بارین و هەروەها دواکەوتوویی مێژوویی لە بواری ژێرخانەکانی گەیاندنی ئاوی، به گرینگترین هۆکارەکانی کەمبوونی خزمەتگوزاری لەم پارێزگایەدا ناو بردووە.

زۆربەی گوندەکانی ئێران لە پارێزگا جیاوزەکاندا، لە جۆرەکانی خزمەتگوزاریی خۆشبژێوی و خزمەتگوزارییە پێویستەکانی وەک ئاوی لوولەکشی، کارەبای بەردەوام، گاز، ئانتێن بۆ بەکارهێنانی مۆبایل، جادەی خاوێن و باش، قوتابخانە، کتێبخانە و دەرمانگەی تایبەتەوە بێبەرین و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ ئاوڕێکیان لێ نادەنەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا کە پێویستیان بە خەڵکە بۆ بەلاڕێدابردنی بیری خەڵک، خزمەتگوزارییەکی زۆر کەم ئەنجام دەدەن تاکوو بتوانن دەنگی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و دواتریش هیچ وڵامێک بە داخوازییەکانیان نادەنەوە، هەر بۆیە دانیشتووانی زۆربەی هەرەزۆری گوندەکانی ئێران وەکوو خەڵکی ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکە لە دۆخێکی سەختدا دەژین.