کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٧ گوندی سەلاسی باوەجانی هێڵی ئینتێرنێتیان نییە

13:15 - 23 خەرمانان 2720

کێشەی نەبوونی ئینتێرنێت لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان قوتابییانی لە خوێندن دوا خستووە.

خوێندنی ئانلاین لە ئێراندا قوتابییانی ٨٧ گوندی سەلاسی باوەجانی ناگرێتەوە و هێڵی ئینتێرنێتیان بۆ دابین نەکراوە.

خەڵکی ئەو ناوچەیە چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی موخابراتی ئەو شارەوە داوای دابینکردنی هێڵی ئینتێرنێتیان کردووە، بەڵام هەتا ئێستا ئەو داوایەیان جێبەجێ نەکراوە.

هەروەها چەند ڕۆژێکە گوندەکانی "دووئاو، بارام، قشڵاق پرد، گەورە قەڵا و ڕەنگەڕێژان" لە سەرشیوی سەقز هیڵی ئێنتێرنێتیان پچڕاوە و هەنووکە ئەو کێشەیەیان چارەسەر نەکراوە.

 پێشتر بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لەوە دەکرد، لە ماوەی ساڵانی دواییدا دەسپێڕاگەیشتن بە ئینترنێت لە ئێراندا گەشەی کردووە، بەڵام هەنووکەش ٢٠ لەسەدی گوندنشینەکان لەو خزمەتگوزارییە بێبەرین.

لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئیران، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، خوێندنی لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەدا بە شێوەی ئانلاین و لە ڕێگەی مۆبایل و تەبلێتەوە ڕاگەیاند، بەڵام ئەو کارە تەنیا بە زیانی قوتابییانی هەژار و دەستکورت تەواو دەبێت.