کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠ گوندی ناوچەی مەنگوڕایەتیی مەهاباد لەگەڵ بێ‌ئاوی بەرەوڕوون

19:08 - 16 بانەمەڕ 2721

ئاو و خاکی و دارستانەکانی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی سروشتیی دەوڵەمەندی کوردستان بە شێوەی جۆراجۆر و لەلایەن کاربەدەستانی نەزان و بەرژەوەندیخواز و دۆڕاو کەوتووەتە بەر وێرانکاریی هەمەلایەنە.

کوردستانی ڕۆژهەڵات بەهۆی دوژمنکاری و نەزانیی بەرپرسان تووشی قەیران و وێرانیی گەورە هاتووە. بەپێی لێدوانی بەخشداری "خەلیفان" سەر بە ناوچەی مەنگوڕایەتی شاری مەهاباد لە ١٦٠ گوندی ئەو ناوچەیە  ٦٠ گوند لەگەڵ بێ‌ئاوی بەڕەوڕوون .

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کارەساتە لە ئاکامی  پلانە سەقەتەکانی ''جەلال مەحموودزادە'' بەناو نۆێنەری شاری مەهاباد و ''مەجید پاتۆ'' بەرپرسی ئیدارەی پاراستنی ئاو و سەرچاوە سروشتییەکانی مەهاباد دروست بووە.

خەڵکی مەهاباد باس لەوە دەکەن کە ''مەجید پاتۆ'' لە مەهاباد خەریکی جێبەجێکردنی پرۆژە کاوڵکارییەکان لەو ناوچەیە و ''جەلال مەحموودزادە'' ش بۆ مانەوەی خۆی و دەورووبەرییەکانی بووەتە کۆیلەیەکی ملکەچی سیاسەتی داگیرکاری و وێرانیی ڕێژیم، لە کوردستان.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا ''جەلال مەحموودزادە'' لە کۆمیسیۆنی کشتوکاڵی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ئەندامە و لەو ناوچەیە هەموو ئەو پرۆژانەی کە بە دەستوپەیوەندییەکانی داویەتی؛ بووەتە هۆی وێرانبوونی کانیاوەکانی بەشی "خەلیفانـ"ـی مه‌هاباد و بێێئاویی ٦٠ گوندی ئەو ناوچەیە.

خەڵکی ناوچەی خەلیفان لەسەر ئەو باوەڕەن  کە ئەو کارەساتە بە دەستی ''جەلال مەحموودزادە ، مەجید پاتۆ و عەلی بیژەنفەر'' ڕووی داوە، ئەو سێ کەسە ئەوەندی بۆیان کراوە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی تاقمی خۆیان ژیانی خەڵکی ناوچە و سروشتی نیشتمانیان تووشی کاوڵکاری کردووە.