کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٨٥ گوندی پارێزگای خوراسانی باشوور ئاویان نیه

19:31 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کێشەی بێ ئاوی پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەی قەیران و پارێزگاکانی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بێ ئاوتر دەبن.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، پارێزگاری خوراسانی باشوور باسی لەوە کردووە کە ٤٨٥ گوندی ئەو پارێزگایه ئاوی خواردنەوەیان نیە و بە تانکەری ئاو، ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەبێت.

" محمدمهدی مروج الشریعه" پارێزگاری خوراسانی باشوور، جەختی کردووەتەوە کە لە ئێستادا ئەو ٤٨٥ گوندە تەنانەت یەک دڵۆپ ئاوی خواردنەوەیان بۆ ناچێت و بە تانکەری ئاو، ئاویان بۆ دابین دەکرێت.

وەرزی زستانی ساڵی ڕابردوو، ناوەندیی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران نیسبەت بە قەیرانی ئاو لە ئێران و دوایین دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە "ئێران تینووتر دەبێت".

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتبوو؛ چوونەسەری ٦ لەسەدی گەرمی هەوا، کەمبوونەوەی ڕێژەی بارینی باران، کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکان بەڕێژەی ٥٠%، ڕێگری کردن لە پڕبوونەوەی سەرچاوە ئاوییە ژێرزەوینییەکان و دەیان هۆکاری دیکە دەریدەخەن کە ئێران لە سنووری قەیران تێپەڕیوە و تاماوەیەکی تر دەبێ چاوەڕوانی قەیرانی مرۆیی بین.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ٥٧ بەنداوی ئێران ئاویان تێدا نەماوە و ڕێژەی ئاوەکانی کە دەڕژێتە ناو بەنداوەکان لە سەدا ١٥ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کەم بووەتەوە.

بەنداو دروستکردنی نایاسایی و نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بارەی ئاو کێشەی جیددی بۆ خەڵک دروست کردووە.