![](/content/upload/1/news/49852_w920.jpg)
بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی لوڕستان ئاماژەی بە دابەزینی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو پارێزگایە کردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ٥٥ گوندی ئەو پارێزگایە بە تانکێر ئاویان بۆ دەچێت.
"حەمیدڕەزا کەرەموەند"، بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی لوڕستان لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە، لە کۆی ٢ هەزار و ٩٠٠ گوندی ئەو پارێزگایە هەزار و ٦٠٠ گوند لەژێر چاوەدێریی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆدایە و ئەوەی دەمێنێتەوە لەژێر چاوەدێریدا نییە.
ناوبراو وتوویەتی، لەو گوندانەدا کە لەژێر چاوەدێریدان و کێشەی ئاویان هەیە هەموو هەوڵی خۆمان بۆ چارەسەریی کێشەکان و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە داوە.
ناوبراو وتوویەتی، ڕێژەی ئەو گوندانەی کە ئاویان بۆ دەبرێت گۆڕانی بەسەردا دێت لە فەترەیەکدا ٤٠ گوندە و فەترەیەکی تر ٥٠ و لە ئێستاشدا ٥٥ گوند بە تانکێر ئاوی بۆ دەبرێت.
کێشەی بێئاوی و کەمئاوی لە پارێزگای لوڕستان کێشەیەکی لەمێژینە و بەردەوامی خەڵکی ئەو پارێزگایەیە و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی کردەیی و لۆژیکی بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە ناگرێتە بەر و ئەمە بووەتە هۆی بەسەردا هاتنی دۆخی سەختی ژیان بۆ خەڵکی ئەو پارێزگایە.