
کوردستان میدیا: بە هۆی لافاوی مانگی پێش، ١٥ گوندی شارستانی پۆلدۆختەر لە پارێزگای لوڕستاندا، بە تەواوی لە ژێر ئاودایە.
فەرمانداری پۆلدۆختەر لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: "ئەم لافاوە لە شارستانی پۆلدۆختەردا ٧ هەزار کەسی بێکار کردووە، کە ٥ هەزار کەسی جووتیارن."
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم لافاوە نێعمەتی ئیلاهییە، وتوویەتی: "ئەم لافاوە، ڕێژەیەکی زۆر کەلوپەلی جووتیاری و ١٣٥٠ ماتۆڕی برقی لەگەڵ خۆی بردووە."
هەروەها لە درێژەدا وتی: "زۆرتر لە ٥٠٠ هێکتار لە باخەکانی شارستانی پۆلدۆختەر لە ژێر قوڕدایە و پارێزگای لوڕستان وەکوو پارێزگای خووزستان بەرەو گەرما دەڕوات و ئەم بابەتە خەسارەکان چەند قات دەکاتەوە."
هەرچەند هەمیشە ڕێژیم لە ئامارەکاندا چەواشەکاری دەکات، فەرمانداری پۆلدۆختەر بە ڕاگەیاندنی ئەم ئامارانە هەروەها وتی کە ١١٠٠ یەکەی بازرگانی تووشی خەسار بووە و لافاو کەلوپەلەکانیانی بردووە.
لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، لە ناوچەیەکی باکووری ئێران، ناوچەکانی پارێزگای خووزستان لە هەرێمی ئەهوازدا، ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان، کوردستانی ڕۆژهەڵات و چەند ناوچەیەکی تری ئێران، لافاوێکی کارەساتبار و ماڵوێرانکەر ڕووی دا و زەرەر و زیانێکی زۆری بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیاند.
دۆخە قەیراناوییەکان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکانی خەڵک هیچ کارێک ناکات و دەستەوەستان سەیری نەهامەتی و کێشەکانی خەڵک دەکات.