کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی ڕەسووڵاوا یەکێکە لە خوێندەوارترین گوندەکان لە ئێراندا

12:20 - 26 جۆزەردان 2721

خەڵکی گوندی "ڕەسووڵاوا" سەر بە پارێزگای "هەمەدان" کە زمانیان کوردییە، یەکێکە لە خوێندەوارترین گوندەکانی ئێران و ڕێژەی خوێندنەوەیان بە تەنیا دوو بەرابەری ڕێژەی تەواوی خەڵکی ئێرانە و تەنیا شوێنێکە لە ئێران کە "پائۆلۆ کوئیلیۆ" نووسەری کتێبی "کیمیاگەر"، لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا ئاماژەی پێ کردووە.

ئەو گوندە شوێنی لەدایکبوونی ژەنیار "کەیهان کەلهوڕ"ە و ٧٠ لەسەدی خەڵکەکەی خوێندەوارن.

کچێکی تەمەن ٩ ساڵەی خەڵکی ئەو گوندە باس لەوە دەکات کە نزیک بە ١٥٠ کتێبی لە ماوەی تەمەنی خۆیدا خوێندووەتەوە.

هەروەها جیاوازیی پیشە و تەمەن و ڕەگەز لەنێو خەڵکی ئەو گوندەدا نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم خوێندنەوە، لەوانە شوانێک لە کاتی پشوودانیدا کتێب دەخوێنیتەوە و ژنەکان کۆڕ و کۆبوونەوە لەسەر ئاکامی ئەو کتێبەی کە خوێندوویانەتەوە دەگرن.

ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی گوندی "ڕەسووڵاوا" وەکوو کتێب خۆشەویست ناودێر کرا، ئەوە بووە هۆی ئەوەی  کە بیرۆکەی سێ زمانی فارسی، ئینگلیزی و کوردی لەنێو تابلۆ و لەسەر دیواری کۆڵانەکانی نێو ئەو گوندە بنووسرێن و داکوترێن.

خەڵکی ئەم گوندە ئامانجیان ئەوەیە کتێب خوێندنەوە بەگشتی لەنێو خەڵکدا بکەن بە کولتوور و ئەم دیاردەیە پەرە بستێنن.