کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی ژریژە بەهۆی نەبوونی "ئاو" چۆڵ دەبێت

11:18 - 19 خەرمانان 2720

خەڵکی گوندی "ژریژە" سەر بە "ژاوەرۆ"ی مەریوان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی کەمبوونی بەرچاوی ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ، دەستیان کردووە بە کۆچ و بەجێهێشتنی ئەو گوندە.

"مستەفا ڕەشیدی" دێهیاری گوندی "ژریژە" لەوبارەوە وتوویەتی: "ئەو گوندە خاوەن خاکێکی پڕپیتە و پیشەی سەرەکیی خەڵکی ئەو گوندەش کشتوکاڵە، بەڵام کەمبوونی بەرچاوی ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ، بووەتە هۆی کۆچکردنی خەڵکی ئەو گوندە بۆ شارەکان".

ناوبراو بە ڕەخنەگرتن لە گەڵاڵەی هەڵگۆزینی ئاوی "سیروان" ڕایگەیاندووە، چەند ساڵە تەنیا لەسەر لاپەڕەی کاغەزەوەیە و بە کۆتایی پێهاتنی ئەو پرۆژەیە کێشەی ئەوانیش چارەسەر دەبێت.

"خالید جەعفەری" جێگری ئابووریی پارێزگاری سنە، سەبارەت بە هەڵگۆزینی ئاوی سیروان وتوویەتی، دابینکردنی بودجەی دروستکردنی وێستگەی هەڵگۆزینی ئاوی سیروان لە توانای پارێزگادا نییە.

بەناو نوێنەری پێشووی ڕێژیم لە مەریوان و سەوڵاوا، بەڵێنییان دابوو کە بۆ ٣ هەزار هێکتار لە زەوینەکانی ئەو گوندە لە ڕووباری سیروانەوە ئاوی پێویست هەڵگۆزرێت، بەڵام ئەو گەڵاڵەیەش وەکوو بەڵێنییەکانی دیکەی بەرپرسانی ڕێژیم هیچکات بە ئەنجام نەگەیشتووە.

"ڕەشیدی" هەروەها ڕایگەیاندووە، ڕەوتی کۆچکردن لەو گوندە لەنێوان ساڵەکانی ٨٩ هەتا ٩١دا زۆر بووەتەوە و وتوویەتی، ئەو گوندە لە حەشیمەتێکی هەزار و ٥٠٠ کەسییەوە گەیشتووەتە کەمتر لە ٢٠٠ کەس.

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەو گوندە دەستپێڕانەگەیشتن بە ئینتێرنێتە کە بە سەرنجدان بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخرانی پیشەکان و گەڕانەوەی زۆربەی خەڵک بۆ گوندەکان و دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن، منداڵانی ئەو گوندە لە ئەپی "شاد" و خوێندنی ئانلاین بێبەشن.

دێهیاری گوندی "ژریژە" یەکێکی دیکە لە کێشە سەرەکییەکانی خەڵکی ئەو گوندەی بێکاری و نەبوونی پیشە بۆ لاوەکان ناو لێ بردووە کە خەڵک بۆ کارکردن ناچار دەبن کۆچ بکەن بۆ شارەکانی دەوروبەر و دەست بکەن بە کارگەلێکی سێبەر و پڕ مەترسیی وەک کۆڵبەری.