کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی "گولی مەرزینگە"ی سەر بە بۆکان لەگەڵ کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوویه

10:19 - 6 خەزەڵوەر 2721

دانیشتووانی گوندی "گولی مەرزینگە"ی شاری بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ ماوەی سێ مانگە لەگەڵ کەمیی ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوون.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کە دێهیاری ئەو گوندە بڕی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی پارە لە خەڵک کۆ کردووەتەوە هەتا ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکەن بەڵام لەو ماوەیەدا تەنیا چەند حەوتوویەک کاریان لەسەر کردووە و پاشان بە بیانووی دروستکردنی ئوتووبان دەستیان لە کار کێشاوەتەوە.

دانیشتووانی گوندی"گولی مەرزینگە" سێ مانگە بە تانکێر ئاویان بۆ دابین دەکرێت و لە دۆخێکی خراپدا ژیان بەسەر دەبەن.

هاووڵاتییان بەنیسبەت ئەو کەمەترخەمییەی بەرپرسان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوایان کردووە بەر لە وەرزی سەرما کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.