کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندێكی ورمێ تۆپباران كرا

12:44 - 4 پووشپەڕ 2720

به‌رزاییه‌كانی گوندی "کوران" لە ناوچەی سۆما و برادۆست سەر بە ورمێ تۆپباران كرا و ده‌نگی ته‌قه‌یه‌كی زۆر بیستراوه‌.

بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو لە دانیشتووانی گوندی "کوران''، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕ، لە بەرزاییەکانی چیای "دووگوه" (Du guh) شەڕ و پێکدادانێک هاتە ئاراوە و دانیشتووانی ئه‌و ناوچه‌یە ده‌ڵێن كه‌ هێزه‌كانی ئه‌رتشی توركیه‌ ئه‌و شوێنه‌یان بۆردوومان كردووه‌.

هه‌روه‌ها هه‌ندێک له‌ دانیشتووانی ئەو گوندە باس لەوە دەکەن، لەو كاته‌دا سپای پاسدارانیش به‌ تۆپباران له‌و به‌رزاییانه‌ی داوه‌.

بەپێی هه‌واڵه گه‌یشتووه‌كان، لەو پێکدادانەدا هیچ لایەنێک تەلەفاتی گیانییان نەداوە و کەس نەکوژراوە و کەس بریندار نەبووە.

هاوکات بەهۆی ئەو شەڕە و بەکارهێنانی چەکی قورس لەلایەن ئەرتشی تورکیەوە، دانیشتووانی گوندی "کوران" گوندەکەیان چۆڵ کردووە.

بەڵام لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕ بڵاوی کردووەتەوە کە لە شاری "گەوەر" لە ناوچەی "ئەسەن دەرە" بەهۆی تەقە لە خاکی ئێرانەوە سەربازێکی تورکیە کوژراوە و دوو سەربازیش بریندار بوون.

دانیشتووانی ئەو گوندە باس لەوەش دەکەن کە سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شەڕەدا بەشدار بووە.

ڕاگەیاندەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران تەنیا باسیان لەو شەڕە کردووە و زانیاریی زیاتریان بڵاو نەکردووەتەوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سپای تێرۆریستی پاسداران دەستی بە مانۆڕ لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان کردووە، هاوکات تورکیە عەمەلیاتێکی لەژێر ناوی "چنگی پڵینگ و پەنجەی هەڵۆ" دەست پێکردووە.