کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندەکانی سەقز لەلایەن خەڵکەوە دەخرێنە دابڕگەوە

17:16 - 21 رەشەمه 2719

بێ کیفایەتی و نابەرپرسیاریەتیی ڕێژیم بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی کوردستان خۆیان فریای خۆیان بکەون و پێش بە پەرەسەندنی زیاتری کۆرۆنا بگرن .

ڕێژەی تووشبووان بەو نەخۆشییە لە دێهاتەکانی کوردستان کەمە و هەر بەم هۆیەشەوە خەڵکی دێهاتەکان پێش بە هاتنی کەسانی غەیری بۆ نێو گوندەکان دەگرن .

خەڵکی ئاوییەکانی: "ئایچی، سماقڵوو، کەسنەزان و هێجانان" و چەندین گوندی دیکە لە ناوچەی سەقز، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی زیاتری ئەم ڤایرۆسە، لە ڕێگای هاتنەژوورەوە بۆ نێو ئاواییەکاندا پرسگەیان داناوە و ئیزن نادەن خەڵکی غەیرە بێنە نێو گوندەکانیانەوە.

لە هەندێک لەو دێهاتانەدا کەسانێک بە شێوەی خۆبەخش کۆڵانەکان و ماشینەکانی خەڵک دژەگەند لێ دەدەن و دواتر ئیزنی هاتوچۆیان لەنێو گونددا پێدەدرێت .

مەترسیی بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم ڤایرۆسە و نابەرپرسیاریەتیی ڕێژیم لە ئاست خەڵکی کوردستان، خەڵکی بۆ کاری هەرەوەزی و مرۆڤدۆستانە زیاتر یەکگرتوو کردووە .

دێهاتەکانی کوردستان دەبێ لەم کاتانەدا زۆر هۆشیارانە هەڵسوکەوت بکەن هەتا هاوشێوەی شارەکان گیرۆدەی ئەم بەڵایە نەبن .

لە دێهاتەکانی: "تیلەکۆ، گەورک، خوڕخوڕە، فەیزوڵابەگی" و سەرشیوی سەقز، بۆ پێشگیری لە هاتنی نەخۆشیی کۆرۆنا کاری یەکگرتووانە لە نێوان خەڵکی دێهاتەکاندا بە باشترین شێوە لە ئارادایە .