کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندەکانی پارێزگای کرماشان بەرەو چووڵبوون دەچن

12:27 - 28 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی نووسینگەی کاروباری گوندەکان، لە پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاندووە: زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە کرماشان بەتەواوەتی چۆڵ بوونە.

ئەمیر خوسرەوانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری گوندەکان لە پارێزگاری کرماشان، لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە، کە زیاتر لە ٥٠٠ گوند لە پارێزگای کرماشان سەداسەد چووڵن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، هۆکاری چۆڵبوونی گوندەکان لەو پارێزگایەی بە نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان ژیان زانیوە و باسی لەوە کردووە، کە نەبوونی بنچینەی ستاندارد و کەمی پێداویستییەکان هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنی گوندنشینەکانە.

خوسرەوانی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، نیسبەتی حەشیمەتی گوند و شار ٥٠ بە ٥٠ بووە، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا تەنیا ٣٠ لەسەد لە حەشیمەتی گشتیی لە گوندەکان نیشتەجێن.

ئەو ئامارەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە لە کاتی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئێران و دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێران، بەشێکی زۆر لە گوندەکانی پارێزگای کرماشان چۆڵ کران و بەتەواوەتی لەنێو چوون.

ڕێژیمیش هەتا ئێستە نەیتوانیوە بەشیکی زۆر لەو گوندانە کە لە شەڕ وێران ببوون نۆژەن بکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە بەگشتی ڕێژیم پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە گوندەکان دابین ناکات و ئەستەمبوونی ژیان و نەبوونی داهات لە ئاکامی بێکاری لە هۆکارەکانی کۆچکردنی حەشیمەتی گوندەکانە.

هەروەها، کارەساتی بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردوو، بووە هۆی کۆچکردنی حەشیمەتی گوند و شارە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان.

خاڵی جێگەی ئاماژە ئەوەیە، کە ڕێژیمی ئێران لە پێناو سیاسەتە فاشیستییەکانی بە دژی گەلی کورد، لە ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵ دەدات، کە هەندێک ناوچەی پارێزگای کرماشان و ئیلام کە پێکهایەی نەتەوەیی جیا لە کوردی تێدایە، لە حەشیمەتی کورد بسڕێتەوە.