کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندەکانی کوردستان لە ئاوی خواردنەوەی خاوێن بێبەرین

13:14 - 1 خەرمانان 2720

گوندی "سپێران" سەر بە ناوچەی کەڵاتەرزانی سنە، ئاوی خواردنەوەی ماڵانیان نییە و ناچارن بە توونگە ئاوی خواردنەوەیان دابین بکەن.

خەڵکی گوندی "سپێران" هەتا ئێستا ئاوی لوولەکەشیی ماڵانیان نییە و هەر لەو کانی و سەرچاوە ئاوییانەی نێو ئاوایی دەخۆنەوە کە بۆ مەڕوماڵاتەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن، بۆیە بەپێی قسەی کارناسانی ناوەندی تەندروستیی سنە، ٧٠ لەسەدی ئاوی ئەو گوندەیە ناتەندروستە.

کێشەی نەبوونی ئاو لەو ئاواییە لە وەرزی زستاندا زۆر دژوارترە و خەڵک بە سەرما و سەهۆڵبەندانی زستان هەر بە توونگە و دەبە ئاو دەبەنە نێو ماڵانەوە.

نەبوونی ئاوی خواردنەوە تەنیا کێشەی گوندی "سپێران" نییە و ڕێگا و کۆڵانەکانی قیرتاو نەکراوە و قوتابخانەی دواناوەندیشی نییە.

گوندی "سپێران" لە ٤٥ کیلۆمیتریی سنە هەڵکەوتووە و خاوەن ١٠٥ بنەماڵەیە و ٤٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە.

کێشەی ئاوی ناتەندروست و کەمئاوی زۆربەی شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە و لە ٥ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئەو کێشەیە لە ئیلام، کرماشان، جوانڕۆ، ڕوانسەر، سەرپێڵ زەهاو، مەریوان، سەقز و ورمێ هاووڵاتییانی تووشی گرفت کردووە.

پێشتریش "قاسم تەقی‌زادەی خامسی" جێگری وەزیری وزەی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو: "١٠ملیۆن کەس لە گوندەکانی ئێران دەستپێڕاگەیشتنیان بە ئاوی بەردەوام نییە".

سەڕای بوونی ئاو و کانیاوی زۆر لە کوردستان، شار و گوندەکانی کوردستان بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاوی کوردستان دەگوازێتەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەندیی ئێران.