کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوڵان بوو بە خاکی ئیسرائیل

13:56 - 6 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا بەرزایییەکانی گوڵانی وەکوو خاکی ئیسرائیل بە فەرمی ناسی.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوە، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، لە ڕێوڕەسمێکدا، لە کۆشکی سپی و بە ئامادەبوونی "بنیامین ناتانیاهوو"، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارنامەی بە فەرمیناسینی بەرزایییەکانی گوڵانی وەکوو خاکی ئیسرائیل واژۆ کرد.

ترامپ هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی ئەو بڕیارنامە وتوویەتی: "کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و هەروەها گرووپە تیرۆریستییەکان لە باشووری ئەو وڵاتەدا، لەوانە "حیزبوڵڵا"، ناوچەی گوڵانی کردووەتە بەستێنێکی بەهێز بۆ هێرشەکان بە دژی ئیسرائیل و ئێمە نامانەوێت شایەتی هێرشەکان لە بەرزایییەکانی گوڵانەوە بۆ سەر ئیسرائیل بین، هاوشێوەی هێرشەکانی غەزە بۆ سەر تلاڤیڤ.

لە دنیادا ئامریکا یەکەمین وڵاتە کە سەروەریی ئیسرائیل بەسەر بەرزایییەکانی گوڵاندا بە فەرمی دەناسێت و لە بەرانبەردا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ناوچەیە وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو ناو لێ دەبات.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧، "بنیامین نێتانیاھوو"، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ "لیندسی گراھام"، سێناتۆری ئامریكا و "دەیڤید فریدمان"، باڵوێزی ئامریكا لە ئیسرائیل، سەردانی بەرزایییەكانی گوڵانیان كرد و لەوێ ڕایگەیاند: ''بۆ ھەتاھەتایە گوڵان بە بەشێك لە خاكی ئیسرائیل دەمێنێتەوە، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئامریكاش كرد دان بەم ڕاستییەدا بنێن".

بەرزایییەکانی گوڵان، لە باشووری وڵاتی سووریە و باکووری ئیسرائیل هەڵکەوتووە و شوێنێکی ستراتیژییە.